سەردێڕ:

دواجار کاپتنی "کەشتی مردن" بێدەنگی شکاند

فۆتۆ: 
2020-08-06

28533 جار خوێندراوەتەوە

كاپتنی كەشتیە بارهەڵگرەكەی نیتراتی ئامۆنیۆم رایگەیاند، بەرپرسە لوبنانییەکان لە هەبوونی کەشتییەکی مەترسیداری لەو جۆرە لە وڵاتەکەیان نیگەران نەبون، ئەوان تەنها ئەوپارەیەیان دەویست کە ئێمە دەبوو بیاندەینێ.

ئەمڕۆ بوریس برۆکۆشیفی بەڕەگەز ڕوسی کاپتنی کەشتیەکە لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا بۆ رۆژنامەی نیۆرک تایمزی ئەمریکی بێدەنگی شکاند و وتی، "دوای بینینی دیمەنی تەقینەوەکە هەستم بە ترس کرد".

ئەوەشی خستەڕوو، كە کەشتیەکە بازرگانێکی روسی بەناوی ئیگۆر گریتشۆشکین بەکرێی گرتووە تا بۆ گواستنەوەی زیاتر لە دوو هەزار تەن نیتراتی ئامۆنیۆم بۆ بەندەری بیرا لە مۆزەمبیق بەكاریبهێنت. وتیشی، "کەشتیەکە لە جۆرجیاوە بەڕێکەوت و لە تورکیا گیرسایەوە پاش دروستبونی كێشە لە موچەی دەریاوانەكان، گرێبەستیان لەگەڵ من کرد تا گەشتەکە لە تورکیاوە بەرەو مۆزەمبیق تەواو بکەم و لەبەرامبەردا ملیۆنێک دۆلار وەربگرم".

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی ئەوەی خاوەنەکەی لەتوانایدا نەماوە پارەی بۆ دابین بکات، داوای لێکردوە بە ئاراستەی بەندەری بەیروت بەرێبكەوێت.

بڕۆکۆشیفی  بۆ رۆیتەرزی ئاشکراکرد، بەهۆی كۆنیی تەمەنی کەشتیەکە كە لە توانایدا نەماوە ئەو بارە قورسە هەڵگرێت، بەردەوام دەسەڵاتدارانی لوبنانی داوای پارە و دانی باجەکانیان لێكردووە، ئەویش ناچاربووە هەرچی سوتەمەنی هەبووە فرۆشتویەتی تا پارەی باجەکان دابین بکات.

کاپتنەکە ئەوەشی نەشاردەوە کە بەرپرسە لوبنانییەکان هیچ نیگەران نەبوون سەبارەت بە هەبوونی کەشتییەکی مەترسیداری لەو جۆرە لە وڵاتەکەیان. " ئەوان تەنها ئەوپارەیەیان دەویست کە ئێمە دەبوو بیاندەینێ"

شایانی باسە کەشتی Rhosus ساڵی ٢٠١٣ كە دوو هەزار تەن نیترانی ئامۆنیۆم هەڵگرتبوو لە بەندەری باتومی جۆرجیای ئەمریکی بەرەو مۆزەمبیق بەڕێکەوت و دواجار لە بەندەری بەیروت لەنگەری گرت.

لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٤ ئاب ٢٠٢٠ تەقینەوەیەکی بەهێز بەیروتی پایتەختی لوبنانی هەژاند و بەهۆیەوە ١٣٦ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە پێنج هەزار برینداری لێکەوتەوە بەدەیان بێسەروشوێن بوون و هەزارانیش ناچار ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشت.