سەردێڕ:

ئەمریکا ١٠٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسینى کۆرۆنا لە کۆمپانیایەک دەکڕێت

فۆتۆ: 
2020-08-06

6502 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتى ئەمریکا بە بڕى یەک ملیار دۆلار گرێبەستى لەگەڵ کۆمپانیاى جۆنسن ئاند جۆنسنى وڵاتەکەى بۆ بەرهەمهێنانى ڤاکسینى دژبە کۆرۆنا واژۆکرد.

کۆمپانیاى جۆنسن ئاند جۆنسنى ئەمریکى بۆ دروستکردنى دەرمان رایگەیاند، گرێبەستەکە بۆ فرۆشتنى ١٠٠ ملیۆن ژەمە لە ڤاکسینەکەى کە هێشتا لە قۆناغى تاقیکردنەوەدایە، ئەگەر ڤاکسینەکە لەلایەن دامەزراوەى خۆراک و دەرمانى ئەو وڵاتەوە پەسەند بکرێت یان رەزامەندى بەکارهێنانى کتوپڕى پێبدرێت.

بە پێچەوانەى زۆربەى ئەوانەى دیکە ئەم ڤاکسینەى کۆمپانیاى جۆنسن ئاند جۆنسن بەیەک ژەم دەدرێت بە کەسەکە و بەوەش بۆ تەواوى کۆرسى چارەسەرەکە کەمێک لەسەروو ١٠ دۆلارى تێدەچێت، لەکاتێکدا ئەوانەى دیکە بە چەند ژەمێک دەبێت و بۆ تەواوى کۆرسى چارەسەرەکەش لە نێوان ٣٩ بۆ ٦٠ دۆلارى تێدەچێت.

ئەم هەواڵە پاش چەند رۆژێک دێت لە گرێبەستى دوو کۆمپانیاى ئەوروپى "سانۆفى و جى ئێس کەى" بە بڕى دوو ملیار و ١٠٠ ملیۆن لەگەڵ حکومەتى ئەمریکا بۆ دابینکردنى ١٠٠ میلۆن ژەم لە ڤاکسینەکەیان، پێشتریش هەردوو کۆمپانیاى " پی ئێف ئى و بایۆن تێک" رایانگەیاند، گرێبەستێکیان بە بڕی یەک ملیار و ٩٥ ملیۆن دۆلار لەگەڵ حکومەتى ئەمریکا بۆ دابینکردنى ڤاکسین واژۆ کردووە.