سەردێڕ:

عێراق رێکاری نوێ بۆ بەکۆگاکردنی ماددەی کیمیایی دەگرێتەبەر

فۆتۆ: 
2020-08-06

4004 جار خوێندراوەتەوە

دوای تەقینەوەکەی بەیروت، دەستەی باڵای نیشتمانی گومرکی عێراق بڕیاریدا بە دانانی چەند پێوەر و رێکارێکی نوێ بۆ کۆگاکردن و گواستنەوەی ئەو ماددەی کیمیاوییانەی ترسناک و خێرا گردەگرن و دەتەقنەوە.

دەستەی باڵای نیشتمانی گومرکی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، نوسراویان ئاڕاستەی بنکەکانی گومرک لە سەرجەم دەروازەکانی وشکانی، ئاوی و ئاسمانی کردووە بە مەبەستی بەپەلە ناردنی جەردی ئەو ماددە ترسناکانە و ئەو لایەنانەی خاوەندارییەتی دەکەن، لەگەڵ روونکردنەوەی هۆکاری یەکلایی نەکردنەوەیان لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیداره‌كان بەو ماددانە و پەلەکردن لە چارەسەرکردنیان.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، سوورن لەسەر چاودێری بەردەوامی ئەو دۆسیە گرنگە لە رێگەی ئاڕاستەکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانیان بۆ کارکردن لەسەر بنەماکانی هاوردەکردن و گواستنەوە و بەگۆکاکردنی ئەو ماددە کیمیاوییانە.

ئەوەش دوای ئەوەدێت، ئێوارەی دوێنێ‌ سێشەممە تەقینەوەیەكی بەهێز لە بەندەری شاری بەیروت پایتەختی لوبنان روویدا و بەهۆیەوە جگە لە زیانێكی زۆری گیانی، هەروەها زیانی زۆری ماددیشی لێكەوتەوە.

راپۆرتە سەرتاییەکانیش ئاماژە بەوە دەدەن، رووداوەکە بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر روویداوە و دواتر گوازراوەتەوە بۆ ماددەی تەقەمەنی بەهێز (نیتراتی ئەمۆنیۆم) کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دەستی بەسەردا گیراوە و لەیەکێک لە کۆگاکانی بەندەری بەیروت عەمبارکرابوو.