سەردێڕ:

دواییـن زانیارییەکانی تەقینەوەکەی لوبنان

فۆتۆ: 
2020-08-05

14581 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی دوو تەقینەوەی بەهێز لە بەندەری بەیروتی پایتەختی لوبنان روویاندا و بەهۆیانەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەس بریندار بوون، هێزە ئەمنییەکانیش چەندین شەقامیان داخست و بڕیاریشدرا دوو هەفتە ماتەمینی لە وڵاتەکەدا رابگەیەندرێت.

حەمەد حەسەن وەزیری تەندروستیی لوبنان، لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "ژمارەی گیانلەدەستدانەکانی تەقینەوه‌ی به‌نده‌ری بەیروت بەرزبووەوە بۆ ١٣٥ کەس، جگه‌ له‌وه‌ش نزیكه‌ی پێنج هه‌زار بریندار و دەیان بێسەروشوێن هه‌ن."

هاوکات، مه‌روان عه‌بود پارێزگاری به‌یروت، له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌وانان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، زانیاریی هه‌یه‌ پردی چارلز هیلۆ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیك شوێنی ته‌قینه‌وه‌كه‌وه‌، درزی بردووه‌ و داوای له‌ هاوڵاتیان كرد خۆیان به‌ دووربگرن له‌ پرده‌كه‌.

لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی لوبنان شانەی قەیرانەکانی پێكهێنا بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و بەداوادچوونی تەقینەوەکەی بەیروت و داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، پارێزگاری لە شانۆی تاوانەکە بکەن تاوەکو شوێنەوارەکەی لەناونەچێت.

حکومەتی لوبنان بڕیاریشیدا بە راسپاردنی دەستەی هاوکاری بە دابینکردنی شوێنی حەوانەوه‌ بۆ ئەو خێزانانەی کە خانووەکانیان زیانی پێگەیشتووە و بە کەڵکی نیشتەجێبوون نایەت، هەروەها کردنەوەی قوتابخانە و هۆتیلەکان بۆ نیشتەجێکردنی هاوڵاتیان.

پارێزگاری بەیروتیش ئەوەی خستووەتەڕوو، "زیانەکانی تەقینەوەكەی دوێنێی بەندەری شاری بەیروتی پایتەختی بە ١٠ بۆ ١٥ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت."

ئێوارەی دوێنێ سێ شەممە، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەری بەیروت روویدا و وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکەوە زیاتر لە ١٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە پێنج هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەو تەقینەوانە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا دادگای لوبنان رایگەیاند، لە لێکۆڵینەوەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە، چوار کەس لەوانەی تێوەگلان لە تیرۆرکردنی رەفیق حەریری سەرۆک وەزیرانی پێشوتری لوبنان، سەربە حزبوڵای لوبنانن.