سەردێڕ:

سەرۆكوەزیرانی لوبنان: بە تەقینەوەكەی بەیروت توشی شۆكێكی گەورە بووین

فۆتۆ: 
2020-08-05

3178 جار خوێندراوەتەوە

حەسان دیاب ڕایگەیاند، "بە تەقینەوەكەی بەیروت توشی شۆكێكی گەورە بووین، چونكە كارەساتەكە زۆر لەوە گەورەترە كە باس دەكرێت."

حەسان دیاب، سەرۆكوەزیرانی لوبنان لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، "بەهۆی تەقینەوەكەوە توشی شۆكێكی گەورە بووین، چونكە كارەساتەكە زۆر لەوە گەورەترە كە باس دەكرێت و داوایش لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكەم لەئێستادا ناكۆكییەكانی نێوانیان وەلاوەنێن و گرنگی بەو كارساتە بدەن كە لە وڵاتەكەماندا روویداوە".

ئاماژەى بەوەشکرد، "داوا لە تیمەكانی فریاكەوتن دەکەین هەوڵەكانیان بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانەی كە لە ئاكامی تەقینەوەكەدا بێ سەروشوێن بوون، چڕ بكەنەوە".

باسیلەوەشکرد، "داواکارین كە بەشێوەیەكی كاتی، شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو كەسانەی كە لە ئاكامی تەقینەوەكە بێ ماڵوحاڵ بوون، دابین بكرێت".

ئێوارەی دوێنێ سێ شەممە، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەری بەیروت روویدا و وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکەوە زیاتر لە ١١٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە چوار هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.