سەردێڕ:

سەرکردەیەکى پارتى: لەگەڵ یەکێتی بە ڕێککەوتنەکانماندا دەچینەوە

فۆتۆ: 
2020-08-05

6509 جار خوێندراوەتەوە

کاکەمین نەجاڕ ڕایگەیاند، پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی نێوانیاندا دەکەن و بڕیارە بۆ ئەو مەبەستە و چارەسەرکردنی پرسەکان لەگەڵ یەکێتی کۆببنەوە.

کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە میدیاى فەرمى حیزبەکەى ڕاگەیاند، لەگەڵ یەکێتى پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی نێوانیاندا دەکەن، دەشڵێت، "بڕیارە جارێکی دیکە ئێمە و برادەرانی یەکێتی کۆببینەوە، چونکە ئێستا پەیوەندییەکانمان باشترن و گرژییەکانی پێشووتر نەماون، ھەرچەندە ڕەوشی تەندروستی ناجێگیرە و کاتی کۆبوونەوەکەی داھاتوو دیار نییە."

ئاماژەى بەوەشکردووە، "پێشتر پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنی سیاسییان ھەبووە لەبارەی ئیدارەدانی ھەرێمی کوردستانەوە لە ھەموو بوارەکاندا؛ لەوانە پەیوەندیمان لەگەل بەغدا چۆن دەبێت، پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکان و بەڕێوەبردنی ئیدارەی کوردستان، ئێمە بەو ڕێککەوتنەدا دەچینەوە تا بزانین لە کوێ کەموکوڕیی ھەیە."

ئەوەشى خستۆتەڕوو، "رێککەوتنی دیکەمان لەگەڵ یەکێتی ھەیە لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەویش پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و لەکوێ کێشەی ھەبێت ڕاست دەکرێتەوە و قەیرانی دارایی و پرسە سیاسییەکان و کێشەکان لەگەڵ بەغدا بەگشتی باس دەکرێن."

ئەوەش دوایی ئەوەدێت، پارتى و یەکێتى چەندین جار بڕیاریانداوە کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوانیان بەڵام بە هۆکارى جیاجیا تا ئێستا ئەنجام نەدراوە.