سەردێڕ:

لە تەقینەوەکەی بەیروتدا ١٠ عێراقی برینداربوون

فۆتۆ: 
2020-08-05

4011 جار خوێندراوەتەوە

كۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی رایگەیاند کە لە ئاكامی ئەو تەقینەوەیەی كە دوێنێ‌ سێشەممە لە بەندەری شاری بەیروت پایتەختی لوبنان رووی دا، ١٠ عێراقی برینداربوون.

كۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن نووسینگەی مانگی سووری عێراقەوە لە بەیروت تۆماركراوە، لەنێو بریندارانی ئەو تەقینەوەیەی كە رۆژی سێشەممە لە بەندەری بەیروت رووی دا، ١٠ هاووڵاتی عێراقی هەن.

بەپێی راگەیەندراوەكە لەئێستادا، عێراقییە برینداربووەكان لە نەخۆشخانەیەكی باشووری بەیروت چارەسەر وەردەگرن.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە، تەقینەوەیەكی بەهێز لە بەندەری شاری بەیروت پایتەختی لوبنان رووی دا و بەهۆیەوە بەپێی دوایین ئامار، زیاتر لە ١١٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە چوار هەزاری دیکەیش برینداربوون.