سەردێڕ:

دوایین زانیارییەکانی تەقینەوەکەی لوبنان

فۆتۆ: 
2020-08-04

36116 جار خوێندراوەتەوە

دوو تەقینەوەی بەهێز لە بەندەری بەیروتی پایتەختی لوبنان روویاندا و بەهۆیانەوە سەدان کەس بریندار بوون، هێزە ئەمنییەکانیش چەندین شەقامیان داخست و بڕیاریشدرا سبەینێ بکرێتە ڕۆژی ماتەمینی لە وڵاتەکەدا.

وەزیرى تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، ئەوەی تا ئێستا زانراوە، ئەوەیە کە تەقینەوەکە بووەتە هۆی کوژرانی ٧٠ کەس و بریندارکردنی زیاتر لە سێ هەزار و ٦٠٠ کەسی دیکە.

بەرپرسی مانگی سوری لوبنانی باسی لەوەکردووە، کە ژمارەیەکی زۆری کوژراو و بریندار هەن و دۆخەکە ئاسایی نییە و هێزە ئەمنییەکانیش باری نائاساییان ڕاگەیاندووە.

تەقینەوەکە زیانێکی زۆری مادیشی لێکەوتووەتەوە و بووەتەهۆی زیانگەیاندن بە چەندین بینا و خانوو، هاوکات باڵیۆزخانەی کازاخستانیش ڕایگەیاند، جگە لە برینداربوونی باڵیۆزەکەیان زیانیش بەر بینای باڵیۆزخانەکە کەوتووە.

هاوکات هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەیان پێکراوە و ڕێگە نادرێت ڕۆژنامەنووسان بچنە شوێنی ڕووداوەکە، تەنها ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و بەرگری مەدەنی دەدرێت.

هەروەها میشال عەون، سەرۆکوەزیرانی لوبنان داوای کۆبوونەوەی بە پەلەی ئەنجونی باڵای بەرگری وڵاتی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هۆکار و ئەنجامی تەقینەوەکە.

ئەو تەقینەوانە لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دادگای لوبنان ڕایگەیاند، لە لێکۆڵینەوەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە، چوار کەس لەوانەی تێوەگلان لە تیرۆرکردنی رەفیق حەریری سەرۆکوەزیرانی پێشوتری لوبنان، سەربە حزبوڵای لوبنانن.