سەردێڕ:

وەزارەتی پەروەردە: هەر قوتابییەک توشی کۆرۆنا بێت دەتوانێت لە کاتێکی دیکە تاقیکردنەوە بکات

فۆتۆ: 
2020-08-04

32162 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد و تیایدا هاتووە، هەر قوتابی و خوێندکارێک توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێت، دەتوانێت لە کاتێکی دیکە تاقیکردنەوەکە ئەنجامبداتەوە.

دەقی راگەیاندراوەکە:

١.تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان لە ٤ی بنەڕەتی هەتا ١١ی ئامادەیی، قۆناغەناکۆتاکانی خوێندنی پیشەیی و ئیسلامی لە وادەی خۆی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ٨ی ٢٠٢٠ بە پەیڕەکردنی سەرجەم رێکارە تەندروستییە پێویستەکان ئەنجامدەدرێن. لە هەمانکاتدا دەسەڵات دەدرێتە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارەکان بۆ بەڕێوەبردن و کۆتاییهێنان بە تاقیکردنەوەکان بە ڕەچاوکردنی ڕەوشی تەندروستی لە هەر پارێزگایەک.

٢.هەر قوتابی و خوێندکارێکی قۆناغەناکۆتاکان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت، بە مەرجێک بە راپۆرتی پزیشکی پشتراست کرابێتەوە، بەو هۆیەوە نەتوانێت بەشداری تاقیکردنەوەکان بکات، دەسەڵات دەدرێتە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان کە لە کاتێکی گونجاودا و بەر لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن تاقیکردنەوە بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارە توشبووانە ئەنجامبدەنەوە.