سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. دوو تەقینەوەی بەهێز بەیروتی هەژاند و برینداری زۆری لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2020-08-04

17045 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوە ئەمنییەکانی لوبنان ڕایانگەیاند، دوو تەقینەوەی یەک لە دوای یەک بەندەری بەیروتی هەژاندووە و برینداری زۆریشی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراوەتەوە لە سەرەتادا تەقینەوە و ئاگرێک هەیە، بەڵام دواتر تەقینەوەیەکی گەورە ڕوودەدات و دوکەڵێکی سور ناوچەیەکی فراوان دەگرێتەوە.

بەپێی قسەی شایەتحاڵەکان، سەرەتا تەقینەوەیەکی بچوک ڕوویداوە و دواتر تەقینەوە گەورەکە ڕوویداوە.

لەو بارەیەشەوە وەزیری تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان بەهۆی تەقینەوەکانەوە برینداربوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.

پارێزگاری بەیروتیش باس لەوەدەکات، لە ئێستادا بەیروت شارێکی کارەساتبارە و قەبارەی زیانەکان زۆر گەورەن.

هاوکات، سەرچاوە ئەمنییەکانی لوبنان ئاماژەیان بەوەکردووە، رووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی بڕێکی زۆر لەیاری ئاگرین بووە لە یەکێک لە کۆگاکانی بەندەری بەیروت.

بەندەری بەیروت دەکەوێتە ناوەڕاستی بەیروتەوە و نزیکە لە شوێنە بازرگانی و نیشتەجێبوونەکان، بەهۆی بەهێزی تەقینەوەکانیشەوە ڕووبەرێکی زۆر زیانی بەرکەوتووە و شایەتحاڵەکان باس لە وێنرانکارییەکی گەورە دەکەن لە ناوچەکانی نزیک لە بەندەری بەیروت.

میدیا جیهانییەکان گرنگییەکی زۆریان بە تەقینەوەکە داوە، بەهۆی ئەوەی هاوکات بوو لەگەڵ نزیکبونەوەی بڕیاری کۆتایی لە لایەن دادگای تایبەتی لوبنانەوە لەڕۆژى هەینی داهاتوودا سەبارەت بە تیرۆرکردنی رەفیق حەریری، سەرۆکی وەزیرانی پێشووتری لوبنان، کە لە تەقینەوەیەکدا لە ناوەڕاستی بەیروت تیرۆرکرا.