سەردێڕ:

عێراق کڕینی کارەبای لە تورکیا راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-08-04

5217 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، عێراق بڕی ٦٥٠ مێگاوات کارەبا لە تورکیا دەکڕێت، لەو رێژەیەش ٢٠٠ مێگاواتی بۆ شارەکانی هەرێم دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەحمەد موسا عەبادی وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "عێراق بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دابینکردنی کارەبا و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، بڕی ٦٥٠ مێگاوات کارەبا لە تورکیا دەکڕێت."

باسی لەوەشکردووە، "وەزارەتی کارەبا رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای کارڵی تورکی کردووە بۆ هاوردەکردنی نزیکەی ٤٥٠ مێگاوات کارەبا، کە لە ڕێگەی وێستگەی خورمالە – کەرکوکەوە، کارەبا بۆ  بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و باشور دابیندەکات."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە وێستگەی کارەبای موسڵەوە و لە ڕێگەی هێڵی سلۆپی – فایداوە، ٢٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ شارەکانی هەرێم دابیندەکرێت." 

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە عێراقدا پێدانی کارەبا کەمبووەتەوە و کاریگەریشی لەسەر بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە وێستگەکاندا کردووە.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و سەرمادا، لە هەرێم و عێراقدا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی کەمدەبێتەوە و ئەوەش نیگەرانی هاوڵاتیانی لێدەکەوێتەوە.