سەردێڕ:

ئەگەری لەسێدارەدانی بەندکراوێکی سیاسی کورد لە ئێران لە ئارادایە

فۆتۆ: 
2020-08-04

3557 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەگەری لەسێدارەدانی ئەرسەلان خۆدکام زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ لە ئارادایە.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دادگاییکردنی ئەرسەلان بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە بەڕێوەچووە و لە ماوەی ٣٠ خولەکدا بە تۆمەتی سیخوڕی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بە وتەکانی ئەو زیندانیە سیاسیە کوردە کردووە، کە رایگەیاندبوو، لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار کراوە دان بە تۆمەتەکەیدا بنێنێت و هەر لەسەر بنەمای ئەو دانپیانانە زۆرەملیەش سزاکەی بەسەردا سەپێنراوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، کە ئەو بەندکراوە کوردە رێگەی پێنەدراوە پارێزەر بۆ خۆی هەڵبژێرێت، هەروەک جەختیشیکردۆتەوە، کە سەپاندنی سزای لەسیدارەدان بەسەر کەسێک بە تۆمەتی سیخۆڕی بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتیەکانە.

ئەرسەلان خۆدکامی تەمەن ٤٧ ساڵ، پێشتر ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای جیابوونەوە لەو حزبە بووەتە ئەندامی سوپای پاسداران و دواتر بە تۆمەتی سیخۆڕی بۆ حزبی دیموکرات لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستگیرکراوە.