سەردێڕ:

ژووری ئۆپراسیۆنەکانی گەرمیان چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-08-04

5822 جار خوێندراوەتەوە

ژوری ئۆپراسیۆنەکانى گەرمیان رایگەیاند، راگرتنی هاتوچۆ له‌نێوان ئیداره‌ی گه‌رمیان و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌.

دەقی بڕیاره‌كان:

١ - پێویسته‌ سه‌رجه‌م (ماركێت و ریستۆرانت و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان و سه‌نته‌ر و نۆرینگه ‌پزیشكییه‌كان و پزیشكی ددان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و تاقیگه‌یی و شوێنه‌گه‌شتیارییه‌كان و پاركه‌كان و كافتریا و چاخانه‌كان و هۆڵه‌كانی وه‌رزش و له‌شجوانی و مه‌له‌وانگه‌كان) به‌گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه‌كانی خۆپارێزی و جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ هه‌ریه‌كێك له‌و كاروپیشه‌ جیاوازانه‌ سزای دیاریكراو له‌به‌یانی ژماره‌٤٦ی وه‌زاره‌تی ناوخۆیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێده‌كرێت.

٢ -به‌رده‌وامیدان به‌قه‌ده‌غه‌كردنی گشت بۆنه‌كان (پرسه‌ی ماته‌مینی، ئاهه‌نگ و بۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان).

٣ -راگرتنی هاتوچۆ له‌نێوان ئیداره‌ی گه‌رمیان و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌.

٤ - ژووری ئۆپراسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان قائیمقامیه‌ته‌كانی سنووره‌كه‌ی راده‌سپێرێت به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی ئیداره‌ی گه‌رمیان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گه‌رمیان و پۆلیسی گه‌رمیان له‌گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست، به‌رامبه‌ر ئه‌و شوفێرانه‌ی ئۆتۆمبێلی (تایبه‌ت، كرێ، بارهه‌ڵگر و ئۆتۆمبێلی هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی نێوشار) كارده‌كه‌ن و خۆیان و سه‌رنشینه‌كانیشیان پابه‌ندنه‌بوون به‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان، بڕگه‌ی یازده‌یه‌م له‌به‌یانی ژماره‌ ٤٦ی وه‌زاره‌تی ناوخۆیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێبكرێت.

٥ - دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌بێت كارمه‌ندان و كرێكاره‌كانیان پابه‌ندبكه‌ن به‌به‌ستنی ده‌مامک و رێنماییه‌ خۆپارێزییه‌كان جێبه‌جێبكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه ‌بڕی١٥٠ هه‌زار دینار خاوه‌نی دامه‌زراوه‌كه‌ سزاده‌درێت.

٦ - ژووری ئۆپراسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌ نزیكه‌وه ‌چاودێری جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیار و ڕاسپاردانه‌ ده‌كات، ئه‌و لیژنانه‌ی كه‌ له ‌پێشوتردا پێكهێنراون بۆ به‌دواداچون و پشكنین ئاكتیڤ ده‌كرێنه‌وه‌ و سه‌ردانی مه‌یدانییان ده‌بێت و ئۆپراسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیانیش پشت به‌ راپۆرته‌كانیان ده‌به‌ستێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ر لیژنه‌یه‌ک كه‌مته‌رخه‌می له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیاندا به‌دی بكرێت توشی لێپێچینه‌وه‌ی یاسای ده‌بن.

٧ - پێكهێنانی لیژنه‌ی باڵای پشكنین و به‌دواداچون له‌سه‌ر ئاستی ئیداره‌ی گه‌رمیان(به ‌سه‌رۆكایه‌تی ئیداره‌ی گه‌رمیان و ئه‌ندامێتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سنووره‌كه‌) تایبه‌ت به‌ پرسی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

٨ - ده‌سه‌ڵات ده‌درێت به‌قائیمقامیه‌ته‌كانی سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌ر رێوشوێنێكی دیكه‌ی پێویست بۆ خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا.

٩ - ئه‌م بڕیارانه‌ له‌ كاتژمێر (١٢شه‌وی ٥ی ئاب)ەوە جێبه‌جێده‌كرێت.