سەردێڕ:

پێشوازیی کازمی لەو مێردمنداڵەی سوکایەتی پێکرا کاردانەوەی لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2020-08-04

12870 جار خوێندراوەتەوە

بە پێچەوانەی دۆسییەکانی سوکایەتی بە هاوڵاتیان و فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بکەرانی سوکایەتی بە مێردمنداڵەکەی بەغدای دۆزییەوە و سزای دان و داوای لێبوردنیشی لە مێردمنداڵەکە کرد.

 پاش ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە تێیدا، چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان سوکایەتی بە مێردمنداڵێک دەکەن و ئەشکەنجەی دەدەن، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیوا‌ سەعەد خەلەف کە بەرپرسی هێزی سەپاندنی یاسایە لە بەغدا، لە پۆستەکەی دوورخستەوە و داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێراشی لە ڕووداوەکە کرد.

وەزارەتی ناوخۆش رایگەیاند، سەرجەم ئەو کەسانەی لە گرتەڤیدیۆکەدا دەردەکەون و سوکایەتی بە مێردمنداڵەکە دەکەن، ناسراونەتەوە و دەستگیرکراون، رووداوەکەش تاوانکارییە و ئەو کەسانە سزادەدرێن.

هاوکات، رۆژی ٣ی ئەم مانگە مستەفا كازمی پێشوازی لەو مێردمنداڵە کرد و داوای لێبوردنی لێ کرد و بەڵێنیشیدا ئەو ئەندامانەی هێزە ئەمنییەكان، کە ئازاریان داوە ڕەوانەی دادگا دەكات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئەو پێشوازیەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو مێردمنداڵە، کاردانەوەی بەشێک لە چالاکوانانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە باسیان لەوەکرد، کە چەندان کەیسی سوکایەتی بە هاوڵاتیان رویانداوە و تائێستاش بکەرانیان یان ئاشکرا نەکراون یان سەرباری دۆزینەوەی بکەرانیان، بەڵام دادگا هێشتا نەیتوانیوە ماف بۆ خاوەن ماف بگێڕێتەوە.

دۆسییەکانی سوکایەتیکردن بە هاوڵآتیان لە هەرێمی کوردستان زۆرن، لێرەدا بەشێک لەو نمونانە دەخەینەڕوو:

ساڵی ٢٠١٦ لەکاتی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و گۆڕان، هاوڵاتی هێمن بنەسڵاوەیی کە هاوکات پێشمەرگەش بوو، بە تۆمەتی ئەندامبونی لە بزووتنەوەی گۆڕان، لە شاری هەولێر لەلایەن هێزێکەوە نێردرایە ئەو دیوی بازگەی پردێ و بە سوکایەتی پێکردنەوە سەر و برۆیان تاشی، بەڵام بکەرانی ئەو سوکایەتییە نەک سزا نەدران، بەڵکو هیچ لێکۆڵینەوەیەکیش لەلایەن بەرپرسانی حکومەت و دادگاوە نەکرا.

ساڵی ٢٠١٨ لە کاتی خۆپیشاندانی بەشێک لە مامۆستایان لە شاری هەولێر لەسەر پاشەکەوتی زۆرەملێی مووچە، کۆمەڵێک لە هێزە ئەمنییەکان هێرشیانکردە مامۆستاکان و بەشەق لە مامۆستایەکی بەتەمەنیان دا، بەڵام دیسان حکومەتی هەرێم و داواکاری گشتی هیچ هەڵوەستەیەکیان نەکرد.

ساڵی ٢٠١٩ لە شاری هەولێر منداڵێکی کچی حەوت ساڵان لەلایەن سێ کەسەوە دەستدرێژی سێکسی کرایەسەر و دواتر فڕێدرا، لەم رووداوەدا هەرچەندە دەستدرێژکارەکان دەستگیرکران، بەڵام پاش ماوەیەک ئەو کەسانە بە کەفالەت ئازادکران لە کاتێکدا بەپێی یاساناسان ئەو تۆمەتەی پێی دەستگیرکرابوون ئازادکردن بە کەفالەت نایانگرێتەوە، ئەوکاتیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە دەستدرێژکارەکان نزیکن لە بەرپرسێکی حزبی. دواتر و دوای ئەوەی کەیسەکە دەنگۆیەکی زۆری لەناو هاوڵاتیان  دروستکرد، جارێکی تر ئەو کەسانە دەستگیرکرانەوە، بەڵام تائێستا دادگا نەیتوانیوە ئەو کەسانە بەسزای خۆیان بگەیەنێت.

سەیر لەوەدایە، باوکی کچە منداڵەکە بە تۆمەتی ناوزراندن و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیرکرا و دوای سێ رۆژ راگیران بە کەفالەت ئازادکرا.

ئەوە جگە لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و وەدات حسێن، کە تا ئێستا بکوژانیان نەدۆزراونەتەوە و دادگایی نەکراون.