سەردێڕ:

سەندیکای پزیشکان لەبارەی داخستنی نۆرینگەکانەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-08-03

29081 جار خوێندراوەتەوە

سەندیکای پزیشکانی کوردستان رایگەیاند، بەشێک لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا نازانستی و ناواقعین و لەگەڵ رێنماییە زانستییە جیهانییەکاندا یەک ناگرێتەوە، کە هیچ سودێکی ئەوتۆی رێگریکردن لە ڤایرۆسەکە ناگەیەنێت و دەبێتە بارگرانی ماددی لەسەر هاوڵاتییان.

سەندیکای پزیشکانی کوردستان لەبارەی داخستنی نۆرینگەکانەوە رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ ٣\٨\٢٠٢٠ ئەنجومەنی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا، کۆمەڵێک رێنوێنیی نوێی روبەروبوونەوەی کۆرۆنای بڵاوکردەوە، تیایدا بڕیاری داوە نۆرینگە و سەنتەر و کۆمەڵگە فەرمییەکان بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ دابخرێن، بەبێ ئەوەی بۆ سەندیکاکان بگەڕێنەوە."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "بەشێکی رێنوێنییەکان نازانستی و ناواقعی بن و لەگەڵ ڕێنوێنییە زانستییە جیهانییەکان یەک ناگرێتەوە کە هیچ سودێکی ئەوتۆی رێگریکردن لە ڤایرۆسەکە ناگەیەنێت و دەبێتە بارگرانی ماددی لەسەر هاوڵاتییان."

باس لەوەشکراوە، بە تایبەتی کە ئێستا زۆربەی نەخۆشخانە گشتییەکان لە شاری هەولێر داخراون، تاکە دەلاقە بۆ هاوڵاتیان، کلینیکە تایبەتەکانن کە چارەسەر و دەستینیشانی کۆرۆنا و نەخۆشیەکانی تر دەکەن."

ئاماژە بەوەشکراوە، "بەداخستنی کلینیک و سەنتەرەکان وادەکات قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر ئەو بەشەی نەخۆشخانەکان کە ماونەتەوە دروست ببێت و بەرکەوتن زیاتر دەبێت."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "وەک سەندیکای پزیشکانی کوردستان، داوا دەکەین بە بڕیارەکەدا بچنەوە و ئەو تێبینییانەی سەندیکاکان بەهەند وەربگیرێن و داوا لە پزیشکانی بەڕێزیش دەکەین تا رۆژی شەممەی داهاتوو کلینیک و سەنتەرەکان بەداخراوی بهێڵنەوە، لە ڕۆژی شەممە ٨\٨\٢٠٢٠ کلینیکەکانیان بەشێوەی ئارەزومەندانە دەتوانن بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی بکەنەوە."

ئەوەش لە کاتێدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، "بڕیاردراوە بە داخستنی گشت سەنتەر و نۆرینگەکان (پزیشکان، پزیشکانی ددان، کارمەندانی تەندروستی، تاقیگەیی) بۆ ماوەی ١٤ رۆژ."