سەردێڕ:

کازمی: هەوڵی جدی دەدەین بۆ دۆزینەوەی رفێنراوە ئێزیدییەکان

فۆتۆ: 
2020-08-03

3873 جار خوێندراوەتەوە

مستەفا کازمى پێشوازى لە شاندێکى رزگاربووانى ئێزیدییەکانى شەنگال کرد و بەڵێنى ئەوەیدا هەوڵى جدى بدەن بۆ دۆزینەوەى ئەو رفێنراوە ئێزیدیانەی دیکە کە هێشتا ئازاد نەکراون.

ئەمڕۆ دووشەممە، نوسینگەی مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق بڵاویکردەوە، کە سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازى لە شاندێکى رزگاربووانى ئێزیدییەکانى قەزاى شەنگال کردووە و جەختى لەوە کردووەتەوە، کە ناهێڵن جارێکى تر رووداوى لەو جۆرە لە عێراقدا دووبارە ببێتەوە. 

ئەوەش هاتووە، "کازمی راشیگەیاندووە، هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەى ئەو تاوانە بەزیندوویى بهێڵنەوە و لە رێگەیەوە نەوەکانى داهاتوو بە دڕندەیى داعش ئاشنا بکەن."

باس لەوەشکراوە، "سەرۆک وەزیرانى عێراق بەڵێنى ئەوەیداوە، کە هەوڵى جددى دەدەن بۆ دۆزینەوەى ئەو رفێنراوە ئێزیدیانەی دیکە کە هێشتا ئازاد نەکراون تاوەکو، ئەوانیش بگەڕێننەوە ئامێزى کەسوکاریان."

ئاماژە بەوەشکراوە، "مستەفا کازمی وتوشییەتی، لەو بارەیەوە دادپەروەرى بەدى دەهێنن و پێشی راگەیاندوون عێراق وڵاتى خۆتانە و ئێوە خاوەن ماڵن."

هەر ئەمڕۆ، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازیی لەو مێردمنداڵەی کرد، کە لە چەند رۆژی رابردوودا، لەلایەن ھێزێکی ئەمنیەوە لە بەغدا سوکایەتی پێکرابوو و ئەشکەنجەش درابوو.

هاوکات، كازمی داوای لێبوردنی لێ کرد و بەڵێنیشیدا ئەو ئەندامانەی هێزە ئەمنییەكان کە ئازاریان داوە رەوانەی دادگا دەكات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.