سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەسەر سەردانی شاندی ئەمریکا بۆ قەندیل

فۆتۆ: 
2020-08-03

97330 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، لە سەردانی دوێنێی شاندی ئەمریکا بۆ قەندیل داوا لە پەکەکە کراوە دەستوەردان لە رۆژئاوای کوردستان نەکات.

سەرچاوەیەکی نزیک لە پەکەکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوێنێ، شاندی ئەمریکا و پەکەکە پرسی رۆژئاوایان تاوتوێ کردووە و ئەو شاندە داوای لە پەکەکە کردووە دەستوەردان کانتۆنەکانی ڕۆژئاوادا نەکات بۆ ئەوەی بیانووی لەشکرکێشی نەدرێتە تورکیا.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا شاندی ئەمریکا بە پەکەکەی راگەیاندووە کە ئەمریکا مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژئاوادا دەکات."

هەر بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، شاندەکەی دوێنێی ئەمریکا لە ١٢ کەس پێکهاتوون و بە چوار ئۆتۆمبیڵ و لە ڕێگای رانیە - قەڵادزێوە چوونەتە قەندیل و لە ئاسمانیشەوە فڕۆکەکانی ئەمریکا چاودێری دۆخی ئەمنی ناوچەکەیان کردووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمریکی گرێبەستی پەرەپێدان بە کێڵگە نەوتیەکانی رۆژئاوای کوردستانی لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاوا واژۆکرد، ئەو گرێبەستەش بە دانپیانانی ئەمریکا بە قەوارەی کوردی لەو بەشە لێکدراوەتەوە، کە نزیکن لە پەکەکەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ١٥ی حوزەیرانەوە، سوپای تورکیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردوە بە بیانوی لەناوبردنی پەکەکە، هەروەها لە ناوچەی حەفتانین شەڕی قورس بەڕێوەدەچێت.