سەردێڕ:

سەرۆکی هەرێم: هەوڵەکانی بە پارێزگاکردنی شنگال بەردەوام دەبێت

فۆتۆ: 
2020-08-03

2088 جار خوێندراوەتەوە

لە ساڵیادی کەوتنی شنگالدا سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، هەوڵەکانی بە پارێزگاکردنی شنگال بەردەوام دەبێت. هاوکات، سەرۆکی حکومەتیش داوا لە عێراق دەکات قەرەبووی خەڵکی شنگال بکەنەوە.

ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر داگیرکردنی شنگال لەلایەن داعشەوە تێدەپەڕێت، لەوبارەیەوە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە.

سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، هێشتا برينى خوشك و برايانى ئێزدی خوێنى لێده‌چۆڕيت و به‌ هه‌زارانيان له‌ كه‌مپه‌كانى ئاواره‌ييدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن. شنگال و ناوچه‌كانى ديكه‌ى ئێزدييان هێشتا ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و زه‌مينه‌يه‌كى له‌بارى گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌قامگيرى و گێڕانه‌وه‌ى ژيانيان تێدا نييه‌.

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، شنگال كراوه‌ته‌ مۆڵگه‌ى چه‌كدارانى ناياسايى كه‌ بێباكانه‌ له‌سه‌ر برين و خه‌مى ئێزدييان خه‌ريكى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌جێندا و به‌رنامه‌ى سياسيانن.

باسی لەوەش کرد، له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵى عێراق و ئيداره‌ى پارێزگاى موسڵ هه‌موو هاوكارى و هه‌ماهه‌نگييه‌ك ده‌كەن بۆ گێڕانەوەی سەقامگیریی بۆ شنگال و له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش كار ده‌كەن تا به‌ هاوكاريى يو ئێن ئه‌و تاوانه‌ به‌ جينۆسايد ده‌ناسرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى بۆ دابينكردنى سه‌قامگيرى و گێڕانه‌وه‌ى ئارامى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شه‌نگال و كردنى به‌ پارێزگا به‌رده‌وام ده‌بێت."

 هاوکات، مەسرور بارزانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی ئەو ڕفێندراوانەی تا ئێستا ماون، کە ژمارەیەکی زۆریان پێشتر بە هەوڵی حکومەتی هەرێم رزگارکراون.

سەرۆکی حکومەت ڕاشیگەیاندوە، داوا دەکەن حکومەتی فیدراڵی، قەرەبووی خوشک و برا ئێزدییەکانیان بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات، بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.