سەردێڕ:

ئێران بەمەرج رێگە بە گەشتی عێراقییەکان بۆ ئەو وڵاتە دەدات

فۆتۆ: 
2020-08-03

20161 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق  رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران بە مەرجی ئەنجامدانی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگە بە گەشتیارە عێراقییەکان دەدات سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە فڕۆکەخانەی تارانی نێودەوڵەتیی  پێمان راگەیەندراوە، پێویستە لەسەر سەرجەم گەشتیارە عێراقییەکان لەهەموو رێگەکانی گواستنەوەوە بۆ فرۆکەخانەکانی تاران  بەڵگەنامەی پشکنینی (PCR)یان  پێبێت تا بیسەلمێنێت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نین."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم رێوشوێنە لە ٤ی ئابی ٢٠٢٠ەوە دەگیرێتەبەر و کاریپێدەکرێت."

هەر دوێنێش، دەسەڵاتى فڕۆکەوانى مەدەنى تورکیا، لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، تاوەکو رۆژی ١ی ئەیلولی ٢٠٢٠، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و عێراقی هەڵپەسارد.

پێشتر، بۆ بەرگرتن  لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، لە ١٧ی ئازاری ئەمساڵ گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان راگیران، لە ماوەی رابردوودا تەنیا رێگە بە گەشتی فڕۆكەكانی كارگۆ، سەربازی، دیپلۆماسی، گەشتە ناچارییەكانی هاتنەوەی هاوڵاتیان لە دەرەوەی وڵات دراوە.