سەردێڕ:

کوەیت کاتی دەستپێکردنەوەی خوێندنی راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-07-16

14648 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردەی کوەیت رایگەیاند، لە رۆژی ٤ی مانگی ١٠ی ئەمساڵدا دەست بە خوێندنی ساڵی نوێ دەکەنەوە. دەشڵێت، "خوێندنی ساڵی نوێ بە شێوەی ئۆنڵاین دەبێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی پەروەردەی کوەیت رایگەیاند، لە رۆژی ٤ی مانگی ١٠ی ئەمساڵدا دەست بە خوێندن دەکرێتەوە و وانە نەخوێنراوەکانی وەرزی دووەمی ئەمساڵ و وەرزی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندن تێکەڵدەکرێن.

دەشڵێت، خوێندنی ساڵی نوێ بە شێوەی ئۆنڵاین دەبێت و لە رێگەی پۆرتاڵێکی ئەلیکترۆنییەوە وانەکان دەخوێنرێن و چالاکییە پێویستەکانیش بەڕێوەدەبرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەو خوێندکارانەی وڵاتەکەی کە لە وەرزی یەکەمدا دەرچوون، ئەوا بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن لە قۆناغی سەروتردا دەخوێنن.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینکردنی هاوڵاتیان، زۆربەی وڵاتانی دنیا خوێندنی ئەمساڵیان راگرت و هێشتا روون نییە ساڵی داهاتووی خوێندن چی بەسەردێت.

لە هەرێمی کوردستانیشدا، لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە پرۆسەی خوێندن راگیراوە و هێشتا لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی چۆنێتی ساڵی نوێی خوێندنەوە بڕیاریان نەداوە.