سەردێڕ:

پزیشکێک: دەرمانێکی کۆرۆنا لە هەرێم ٢٠٠ دۆلارە و لە هیندستان دۆلارێک

فۆتۆ: 
2020-07-16

20064 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێکی شارەزا رایگەیاند، کۆمپانیای ئاوامیدیکا یەک پاکەت دەرمانی فاڤیپراڤیری کۆرۆنا بە ٢٠٠ دۆلاری ئەمریکی لەسەر حکومەتی هەرێم حسابکردووە، لەکاتێکدا لە هیندستان بە ٧٥ روپیە دەفرۆشرێت و ئەوەش کەمترە لە یەک دۆلار.

گۆران عەبدوڵا، پزیشکی شارەزا و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە سیاسەتی تەندروستی نێودەوڵەتی، نامەیەکی کراوەی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم کردووە و دەڵێت، هێشتا کاریگەریی دەرمانەکەش بە تەواوەتی نەسەلمێنراوە، کەچی بە ٢٠٠ دۆلار لەسەر حکومەت حسابکراوە.

دەشڵێت، "گومان هەیە کۆمپانیای ئاوامیدیکا سەر بە بەرپرسێکی باڵای حکومیە کە لە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکاریدایە و پشتگیری لێدەکات و سودی لێ دەبینێت، هەربۆیە دەمەوێت لەڕێی ئەم نامەیەوە لە بازرگانییەکی مەترسیدار ئاگادارتان بکەمەوە کە بە ناوی چارەسەری کۆرۆناوە دەکرێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ماوەیەکە کۆمپانیای ئاوامیدیکا ڕیکلامی ئەوە دەکات کە دەرمانێکی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە کوردستان بەرهەمهێناوە. دەرمانەکە ناوی فاڤیپراڤیرە و هێشتا بە تەواوەتی دەرنەکەوتووە کە کاریگەری هەیە یا نا."

باسی لەوەشکرد، "بە وتەی نوێنەرەکانی ئاوامیدیکا، کەرەستە خاوەکانی دەرمانەکە و شێوازی دروستکردنی لە هیندستانەوە بۆ هاتووە و دروستیکردووە. ئەم کۆمپانیایە یەک پاکەتی دەرمانەکەی لەسەر حکومەت بە ٢٠٠ دۆلاری ئەمریکی حسابکردوە، لە کاتێکدا لە هیندستان یەک پاکەتی بە ٧٥ روپیە دەفرۆشرێت و ئەوەش، کەمترە لە یەک دۆلار."

ئەو پزیشکە شارەزایە دەپرسێت، "ئایا بە چ یاسایەک و بە چ حساب و کتابێک، ئاوامیدیکا پاکەتێکی ئەم دەرمانە بە ٢٠٠ دۆلار لەسەر حکومەت حساب دەکات؟ ئایا بە چ یاسایەک رێگەدراوە ئەم کۆمپانیایە ئەو هەموو قازانجە لەم دەرمانەدا بکات؟."

دەشپرسێت، "ئایا بە چ بەڵگەیەکی زانستی رێگەدەدرێت ئەم دەرمانە لە کوردستان بەکاربهێنرێت، لەکاتێکدا جگە لە چەند وڵاتێکی کەم، لە هیچ وڵاتێکی دیکە بەکارناهێنرێت؟."

پزیشکە شارەزاکەی هەرێم لە کۆتاییدا ئەوەی خستووەتەڕوو، کە رێکخراوی تەندروستی جیهانیی دژی بەکارهێنانی ئەم دەرمانەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی تەندروستی و پارێزگای هەولێر و چەند دەزگایەکی فەڕمی دیکە ستایش و دەستخۆشییان لە کۆمپانیای ئاوامیدیکا کردووە و ریکلامیان بۆ کردووە.