سەردێڕ:

گەنجێک بە بەخشینی جەستەی ژیان بۆ شەش کەس دەگەڕێنێتەوە

فۆتۆ: 
2020-07-16

12197 جار خوێندراوەتەوە

وەیسی یاشار کە هاوڵاتییەکی نیشتەجێی شاری باتمانی باکوری کوردستان بوو، هەفتەی رابردوو لە رووداوێکی هاتوچۆدا بەسەختی برینداربوو.

هەرچەندە یاشار تەنیا تەمەنی ٢٦ ساڵ بوو، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دووچاری مەرگی مێشک بوو، دوای بێئومێدبوون لە چاکبوونەوەی باوکی وەیسی بڕیاریدا ئەندامەکانی جەستەی کوڕەکەی ببەخشێت.

بۆ ئەو مەبەستەش، لە شارەکانی ئەنقەرە و مالاتییاوە تیمێکی پسپۆڕ چوونە باتمان، جگەر، گورچیلەکان، پەنکریاس و ریخۆڵە باریکەی وەیسی یاشاریان گواستەوە بۆ ناوەندی گواستنەوەی ئەندامەکانی لەش لە مالاتیا، دڵی نەخۆشەکەشیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەنقەرە.

بەم شێوەیە ئەندامەکانی جەستەی یاشار جارێکی دیکە تەندروستی بۆ شەش کەس دەگێڕنەوە.

لەوبارەیەوە، مەهمەت هاکان پاموکچو، بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای باتمان رایگەیاند، "بەناوی تەواوی ئەو خێزانانەی چاوەڕوانی ئەندامەکانی جەستە دەکەن سوپاسی خێزانی یاشار دەکەم، هەزار نەخۆش هەن کە چاوەڕوانن ئەندامێکی جەستەیان بۆ بگوێزرێتەوە. خێزانی یاشار لە سەختترین رۆژی ژیانیاندا بوون بە ئومێد بۆ چەند نەخۆشێکی چاوەڕوان".