سەردێڕ:

تەرمی سێ کەس لە نەمامگەیەکی نزیک کەرکوک دۆزرایەوە

فۆتۆ: 
2020-07-16

7393 جار خوێندراوەتەوە

سێ كه‌س بە کوژراوی له‌ سنوری ناحیه‌ی شوانی سەربە پارێزگای کەرکوک دۆزرانه‌وه‌ کە یەکێکیان کوردە و دوانەکەی دیکە عەرەبن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، کوژراوەکان لە نەمامگەیەکی گوندی سەقزلی ناحیەی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکوک بوون، کە یەکێکیان کوردە و خاوەنی نەمامگەکەیە و دوو کەسەکەی دیکە دوو کرێکاری عەرەبن و لە شوێنەکەدا کارییان کردووە.

دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک لە رووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە، چوونەتە شوێنەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە  بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش، ئەو کەسانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە کامێرای چاودێری شوێنەکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بۆمبێکی چێنراویش لە گەڕەکی موسەڵای کەرکوک تەقیوەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە و بەپێی زانیارییەکان بۆمبەکە بە ئۆتۆمبێلێكەوە لكێنراوە و دواتر کەوتووەتە خوارەوە و تەقیوەتەوە.