سەردێڕ:

عێراق کاتی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی دیاریکرد

فۆتۆ: 
2020-07-16

37384 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی باڵای بەرەنگاری کۆرۆنای عێراق رایگەیاند، رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە فڕۆکەخانەکان دەکرێنەوە. دەشڵێت، "قەدەغەی هاتوچۆ لە ٩ی شەوەوە بۆ ٦ی بەیانی کەمدەکرێتەوە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیژنەی باڵای بەرەنگاری کۆرۆنای عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیاریانداوە رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە فڕۆکەخانەکان بکەنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە دەروازە سنورییەکانیش دەکرێنەوە.

راشیگەیاند، بە زووی دەروازە سنورییەکانی مونزریە، سەفوان و ئەلشەیب بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکرێنەوە.

لیژنەی باڵای بەرەنگاری کۆرۆنای عێراق بڕیاریشیدا، لە دوای جەژنی قوربانەوە، بە مەرجی تەندروستییەوە، هەموو رێکارەکانی دژ بە کۆرۆنا ئاسایی بکاتەوە.

هاوکات، کاتی قەدەغەی هاتوچۆی لە ٩ی شەوەوە تاوەکو ٦ی بەیانی کەمکردەوە و راشیگەیاند، بە مەرجی تەندروستی و خۆپارێزییەوە، لەمەودوا هەموو مۆڵەکان دەکرێنەوە.

لە مانگی ئازاری رابردووەوە، عێراق قەدەغەی هاتوچۆی بە شێوەی تەواو و نیمچەیی راگەیاندووە و بە دیاریکراوی لە رۆژی ١٦ی هەمان مانگەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت.