سەردێڕ:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لێکۆڵینەوە لە رووداوی مامۆستاکەی کەرکوک دەکات

فۆتۆ: 
2020-07-16

11968 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان لەبەرامبەر ئەو پۆلیسانەی نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک پێکهێناوە، کە بە تۆمەتی شکاندنی چەند ئامێرێکی نەخۆشخانەکە دەستی پیاوێکیان بە قەرەوێڵەی هاوسەرە کۆچکردووەکەیەوە بەستووە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "عوسمان ئەلغانمی وەزیری ناوخۆ فەرمانی کردووە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ پارێزگای کەرکوک دروستبکرێت، تاوەکو لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکرێت کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە، کە تیایدا پۆلیس پیاوێکیان دەستگیرکردووە و دەستیان بە قەرەوێڵەی هاوسەرە کۆچکردووەکەیەوە بەستووە، کە بە کۆرۆنا گیانیلەدەستداوە، بەهۆی ئەوەی چەند ئامێرێکی نەخۆشخانەی گشتی کەرکوکی شکادووە."

رۆژی ١٤ی ئەم مانگە، گرتەڤیدیۆییەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، پیاوێک بەهۆی کەمتەرخەمی کەرتی تەندروستییەوە لە نەخۆشخانەیەکی کەرکوک هاوسەرەکەی گیانیلەدەستداوە، لە توڕەییدا ئەویش ئامێرێکی نەخۆشخانەکەی شکاندووە و دواتر بە تەنیشت تەرمی هاوسەرەکەیەوە کەلەپچەکراوە.

پێشتر، ته‌ندروستی كه‌ركوك له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكردەوە‌، کە به‌بێ ئاماژه‌دان به‌ گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و ئافره‌ته‌ تەنها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا،‌ "هاوڵاتیه‌كی یاوه‌ری توشبووی كۆرۆنا ئامێرێكی هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكردی شكاندووه‌ و ئه‌وان رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گرنه‌به‌ر."