سەردێڕ:

یەکەم لێدوانی تویتەر دوای هاککردنی هەژماری دەیان کەس و لایەنی بەناوبانگ

فۆتۆ: 
2020-07-16

3123 جار خوێندراوەتەوە

تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە چالاکی هەڵخەڵاتندنی بەکارهێنەرانی تۆڕەکە دەکرێت کە دوێنێ بۆماوەی چەند کاتژمێرێک دەیان هەژماری کەس و لایەنی بەناوبانگ هاککرا.

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، کۆمپانیای تویتەر لێکۆڵینەوە لەو چالاکییە هەڵخەڵەتێنەرانەیەی دوێنێ دوچاری تۆڕەکە هات دەکات و بۆماوەیەکی کاتی و تاوەکو کێشەکە چارەسەردەکرێت، رێگری تویتکردن لەئەکاونتە هاککراوەکان دەکات، یاخود ژمارەی نهێنیان دەگۆڕێت.

هاوکات، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکە بەشێکی زۆری تویتەکانی کە لەو هەژمارانەدا بڵاوکراونەتەوە سڕیوەتەوە، بەڵام ئەمە رێگر نەبووە لەوەی تا کاتژمێر ١١:٣٠ی ئەمشەو هەزاران کەس هەڵبخەڵەتێن و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان بە بەهای ١١٦ هەزار دۆلار بیتکۆین بنێرن بۆ هاککەرەکان.

درەنگانێکی شەوی رابردوو، هەژماری تویتەری چەندین کەس و لایەنی بەناوبانگی وەک بیڵ گەیتس و ئێڵن مەسک و ئۆباما و ئەپڵ هاککران و هاککەران لینکێکیان تێیاندا بڵاوکردەوە کە لەڕێیەوە هەوڵیاندا خەڵکی هەڵبخەڵەتێنن و دراوی بیتکۆینیان لێ بکشێننەوە.