سەردێڕ:

وردەکاریی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەکانی ئێران

فۆتۆ: 
2020-07-15

9251 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی دوو هەفتەیە چەندین تەقینەوە لە سنوری تارانی پایتەختی ئێران روویانداوە، ئەگەرچی بەشێک لە میدیاکانی ئەو وڵاتە ئیسرائیل و سعودیە تۆمەتبار دەکەن، بەڵام چاودێران دەڵێن، پێدەچێت پەیوەندی بە ناکۆکیی ناوخۆی ئێرانەوە بێت.

ماوەیەکە تەقینەوەی جیاواز لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و بە تایبەتی لە سنوری تارانی پایتەخت ڕوودەدەن، ئەوەش گومانی لای بەشێک لە چاودێران دروستکردوە، بەوەی پێدەچێت پەیوەندیان بە ململانێی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە هەبێت.

ئەو شوێنانەی لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ئاگر و تەقینەوەیان تێدا ڕوویداوە بریتین لە سەربازگەی خەجەر و کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی سوپای پاسداران و ناوەندی ڕاوێژکاری پزیشکی لە تاران و وێستگەی نەتنز و زەرکانى ئەتۆمی لەگەڵ ئاگرکەوتنەوە لە چەند شوێنێک کە کاری پترۆکیمیاویان تێیدا ئەنجام دەدرێت.

سەرەڕای ئەو ڕووداوانە، بەڵام بەرپرسانی ئێران تا ئێستا بە فەرمیی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە، تەنها دەڵێن لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین، لەهەمانکاتدا چەند ڕۆژنامەیەکی ئێرانی تۆمەت دەدەنە پاڵ ئیسرائیل و سعودیە.

هەرچەندە حکومەتی ئیسرائیلیش بێدەنگى هەڵبژاردوە، بەڵام بەرپرسێکی پێشوی هەواڵگری لە ئیسرائیل، ئەو کارانەی خستە ئەستۆی وڵاتەکەی، بەڵام سەرۆکی حزبێکی ئیسرائیلی لێدوانی ئەو بەرپرسەی بە پروپاگەندە بۆ هەڵبژاردن وەسفى کرد و داوای لە بنیامین ناتنیاهۆ کرد بێدەنگی بکات و هەڵوێستی هەبێت .

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردوەتەوە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیانکردەوە بە گەشەپێدانى ستراتیژیەتێکی نوێ دژ به ئێران بۆ لە ناوبردن و کردنە ئامانجی بەرپرسانی سوپاى پاسدارانی ئێران و وێستگە ئەتۆمیەکانی ئەو وڵاتە.

بەشێک لە چاودێران باس لەوە دەکەن، بەردەوامی ئەو ڕوداوانەی ئێران دەریدەخەن کەوا بکەری ناوخۆیی دەستی هەبوە لە تەقینەوەکاندا، نەک بەهۆی هێزێکی دەرەکیەوە بوبێت، چونکە هەر وڵاتێک لە حاڵەتی جەنگی ساردا بێت هێرشێک دەکات و چاوەڕوانی کاردانەوەکەی دەبێت پێش ئەوەی کار بۆ هێرشێکی تر بکات.

لەلایەکی ترەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ژمارەی کوژراوان و برینداربوانی ئەو تەقینەوانە ڕانەگەیەندراوە، ئەگەر باسیش کرابێت ئەوا باسی ژمارەیەکی کەم کراوە کە لە ئاست ئەو تەقینەوە گەورانەدا نیە.

وەک چاودێران دەڵێن، دووری نێوان تەلئەبیب و ئەو شارانەی ئێران کە تەقینەوەکانی تێیدا ڕوویداوە دوو هەزار بۆ سێ هەزار کیلۆمەتر دەبێت، کەواتە ئەو مووشەکانە چۆن دەتوانێت ئەو مەودا دوورە ببڕێت، لەکاتێکدایە ئێران لە ئامادەباشیەکی تەواودایە بۆ هەر هێرشێک کە بکرێتە سەری.

هەروەها ئەو وێستگانەی کە تەقینەوەیان تێدا ڕوویداوە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی سوپای پاسداران و ئەگەری هێرشی ئەلیکترۆنیشی تێیدا مەحاڵە، چونکە ئەم جۆرە هێرشانە کاردەکەنە سەر پەکخستن و تێکدانی سیستمی ئەلیکترۆنی ئەو  شوێنانە نەوەک ئاگرکەوتنەوە تێیدا.

چاودێران باس لەوەش دەکەن، هەرچەنده بەشێک لە وێستگانە وێستگەی کۆنن و چالاکیان تێدا نیە، کردنە ئامانجیشیان هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر چالاکییە ئەتۆمیەکانی ئێران ناکات و ئیسرایلیش زەرەرمەند دەبێت ئەگەر ئەو کارەی ئەنجامدابێت، چونکە لەم کاتەدا ئیسرائیل کێشەی نێوخۆیی هەیە و لە هەوڵی ئەوەشدایە دەستبەسەر ناوچەی غۆر لە ئەردەن بگرێت، بۆیە لە ئێستادا زۆر مەحاڵە ئەو هەموو جەمسەرە لە دژی خۆی بکاتەوە.

هەروەها ئیسرائیل دەزانێت ئەو گورزەی بەر دوژمن دەکەوێت ئەگەر نەیکوژێت بەهێزتری دەکات، بۆیە ئەگەر ئەو هێرشەی کردبێت دەبوایە ژێرخانی چالاکییە ئەتۆمیەکانی ئێرانی بە تەواوی خاپور بکردایە، نەوەک  تەنها چەند شوێنێکی کەم بکرێتە ئامانج.

وەک چاودێران دەڵێن، هەموو ئەگەرەکان ئەوە دەردەخەن ئەو جۆره تەقینەوانە نێوخۆییە و دەستی سوپای پاسدارانی لەپشتەوەیە بۆ ئەوەی تۆمەت بخرێتە پاڵ ئیسرائیل و سعودیە و قەناعەت بە عەلی خامنەئیی بکرێت هەڵوێستی هەبێت، بەڵام حکومەتی ئێران دەزانێت ئەم تۆمەتانە ڕاست نین و دەبێتەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.