سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق نەخشەرێگایەکی بۆ بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم ئاشکراکرد

بەغدا: بەهەماهەنگى لەگەڵ حکومەتى هەرێم دەروازە سنورییەکان بەڕێوەدەبەین
فۆتۆ: 
2020-07-15

47309 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى پەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاند، حكومه‌تى فیدڕاڵى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نه‌خشه‌ڕێگایه‌كیان داناوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ده‌روازه‌ سنورییه‌كانى به‌پێى ده‌ستور.

هه‌رێم كه‌مال ئاغا ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى پەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاند، ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان بایه‌خێكى گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له ‌ڕووى ئابورییه‌وه‌ و ڕێكخستنه‌وه‌ىان پێویستییه‌كى گرنگه‌ بۆ فراوانكردنه‌وه‌ى ئابورى وڵات له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستور، كه‌ ده‌بێت ده‌روازه‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تى دارایی و كاروبارى ده‌روازه‌كان بن.

ئاماژەی بەوەشکرد، مامه‌ڵه‌كانى ڕابردوو له‌ده‌روازه‌كان زیانى به ‌داهاتى ئابوورى عێراق گه‌یاند، ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو، دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى ده‌روازه‌ و داهاته‌كانى له‌سه‌ر بنه‌ماى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى بۆ گه‌نجینه‌ى وڵات كارێكى باشه‌.

وتیشى، له‌كۆبوونه‌وه‌كانى ڕابردووى نێوان به‌غدا وهه‌ولێر باس له‌ده‌روازه‌كانى هه‌رێم كراون وڕێككه‌وتن كراوه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان به دانانى نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك بۆ به‌رێوه‌بردنى ده‌روازه‌كان له‌قۆناغى داهاتوودا به‌پێى ده‌ستوور.

ڕوونیشیكرده‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌كانى نێوان به‌غدا وهه‌رێم له‌باره‌ى پرسى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان باش بوون و له ‌دانیشتنه‌كانى ڕابردوودا، هه‌رێم داتایه‌كى ته‌واوى ڕاده‌ستى به‌غدا كردووه‌.

ڕایشیگه‌یاند، حكومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌یه‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات له‌باره‌ى به‌ڕێوبردنى ده‌روازه‌ سنورییه‌كان.

ڕوونیشیكرده‌وه‌، دید و بۆچوونى حكومه‌تى فیدڕالى و كازمى به‌ ئاڕاسته‌ى گه‌یشتنه‌ به‌ ڕێككه‌وتنێكى كۆتایی بۆ نه‌هێشتنى گرفته‌كان، هه‌روه‌ها له‌كۆبوونه‌وه‌كانى ڕابردوو باس له‌ میكانزمه‌ ده‌ستوورییه‌كان كرا و ده‌رئه‌نجامه‌كانى ئه‌رێنى بوون و له‌ ئێستادا به ‌ئاڕاسته‌ى گه‌یشتن به‌ره‌و ڕێككه‌وتنى كۆتایی ده‌چن.

ئاغا پێشبینیشیكرد، شاندێكى كوردى سه‌ردانى به‌غدا بكات بۆ ته‌واوكردنى دانوستانه‌كان، چونكه‌ ده‌بێت ئه‌و دانوستانانه‌ به‌رده‌وام بن وله‌ئێستادا به‌ره‌وپێشچوونێكى به‌رچاو هه‌یه‌ و قۆناغى زۆریشى بڕیوه‌.

هاوکات، لیوا یه‌حیا ڕه‌سول وته‌بێژى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق ڕایگه‌یاند، كۆنترۆڵكردنى سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ به‌رده‌وامى هه‌یه‌.

ره‌سول لە لێدوانێکی فەڕمیدا ڕایگه‌یاند، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌ركیان پاراستنى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانه‌ و ڕێگاگرتنه‌ له ‌وه‌رگرتنى پاره‌ و به‌رتیل و نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵییه‌.

ڕوونیشیكرده‌وه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان راسپێردراون به‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانى چاره‌سه‌ركردنى هه‌ر هه‌وڵێك بۆ پێشێلكردنى یاسا.

وتیشى، فه‌رمانده‌ى گشتى جه‌ختیكردووەته‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌پاندنى شكۆى وڵات و یاسا و ڕێگاگرتن له‌ ده‌ستكاریكردنى بژێوى گه‌ل بۆ ئه‌وه‌ى ده‌روازه‌كانى پشتیوانى گه‌نجینه‌ى وڵات بكه‌ن و ڕێگا له ‌گه‌نده‌ڵكاران و ئه‌و كه‌سانه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن بگرن.