سەردێڕ:

ئۆپێک لەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتەوە بڕیارێکی نوێی دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-07-15

3409 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند، لە مانگی داهاتووەوە، رێژەی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت لە نۆ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوە بۆ حەوت ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دادەبەزێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند، نوێنەری وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە کۆبوونەوەتەوە و بڕیاریانداوە، لە مانگی داهاتووەوە، لەجیاتی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت بە رێژەی نۆ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە، بڕەکە بۆ حەوت ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمدەکەنەوە.

لەوبارەیەوە، عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە و هاوسەرۆکی کۆمسیۆنی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی بەهۆی کۆرۆناوە لە رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند، داخوازی بۆ بەرهەمی نەوتی بە شێوەیەکی جیهانی لە بەرزبوونەوەدایە.

راشیگەیاند، بەو بۆنەیەوە، لە رێکخراوی ئۆپێک بڕیاریانداوە لە مانگی داهاتووەوە، دەست بە دابەزاندنی ئاستی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی رۆژانە بکەن و ئەوەش، بە مانای بەرزکردنەوەی رێژەی هەناردەی نەوتی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە دێت.

ئەلێکساندەر نۆڤاک، وەزیری وزەی روسیا و هاوشانی وەزیری وزەی سعودیە هاوسەرۆکی کۆمسیۆنی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی بەهۆی کۆرۆناوە لە رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند، "ئێستا ئێمە بە روونی ئاماژەکانی ئارامبوونەوەی دۆخی کۆرۆنا دەبینین و بۆ ئەوەش، رێژەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بەرزدەکەینەوە.

رۆژی ٣ی ئەم مانگە، ماڵپەڕی دامەزراوەی S&P Global Platts بۆ چاودێری هەناردەی نەوت و راوێژکاری وڵاتانی جیهان لە بواری وزەدا بڵاویکردەوە، هەناردەی مانگی رابردووی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە بەندەری جەیهانەوە رەوانەکراوە، بریتی بووە لە ٢٦٧ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و ١٠١ هەزار بەرمیلی رۆژانەی کەمتر بووە لە مانگی پێشووتر.

باسی لەوەشکرد، هەناردەی مانگی رابردووی نەوتی عێراقیش بریتی بووە لە دوو ملیۆن و ٨١٦ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و ئەوەش ٢٩٦ هەزار بەرمیلی کەمتر بووە لە هەناردەی مانگی پێشووتر.