سەردێڕ:

گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەک لە سەرەی موچەدا کاردانەوەی لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2020-07-15

5756 جار خوێندراوەتەوە

گیانلەدەستدانی خانەنشینێک لە سلێمانی بەهۆی چەند کاتژمێرێک نۆرەگرتنەوە بۆ وەرگرتنی موچەی ١٤ مانگ پێش ئێستای، کاردانەوەی هاوڵاتیانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لێکەوتەوە.

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان تەنیا بەدەست نەدانی موچە لە کاتی خۆی و کەمکردنەوەی موچەوە گیرۆدە نەبوون، بەڵام لە کاتی وەرگرتنی ئەو موچە کەم و درەنگ وەختەشەوە دەناڵێنن.

ڕۆژنامەنووسێک، نووسیویەتی، لە پێنج ملیۆن مرۆڤ، جگە لە بۆڵە بۆڵ و هەندێ وردە گلەیی، بەشەرێك شعور ناكات و غیرەتی ناجوڵێ بڵێت شەقێك لەو حكومڕانییە هەڵ بدەن، ئێوە نمونەی بێشەهامەتی و بێشعورین، ئێوە بۆ حكومڕانی ناشێن، هەمووتان یەك لە یەك ناشرینتر و قێزەونترن.

پێچەوانەی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی پێشکەوتوو، خانەنشینان سەرباری ئەوەی موچەیەکی شایستەیان پێدەدرێت، بەڵکو چەند خزمەتگوزارییەکی گشتیان هەیە، وەک خزمەتگوزاری تەندروستی و گەشتی وڵاتان.

بەڵام، لە هەرێم چەندان ساڵە حاڵی ئەو کەسانەی خزمەتییان بەم وڵاتە کردووە بەو شێوە ڕێزیان دەگیرێت و پاداشتیان دەکرێت، کە بۆ موچەی چواردە مانگ پێش ئێستای بە چەندان کاتژمێر لەبەر گەرمای هاویندا بوەستن و تەنانەت گیانیش لەدەست بدەن.

لە وڵاتانی پێشکەوتوو وەرگرتنی موچە لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوەیە یان دەچێتە سەر هەژماری بانکی موچەخۆرەکە، بەڵام جگە لە وڵاتانی پێشکەوتوو، تەنانەت لە ئێستادا لە عێراق، کە وەک بەشێک لە لایەنگرانی دەسەڵات دەڵێن هەرێم پەنجا ساڵ لەپێش عێراقەوەیە، موچەخۆران لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە موچە وەردەگرن.

هاوڵاتیەکی دیکە لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت دەپرسێت، کەستان لە شوێنێکی ئاوادا دەوەستێت؟ دەشڵێت، ئێوە لە بێنرخكردنی خەڵك بەرپرسن، لە هەژاری و بێ موچەیی و بێ نانی و نەبوونی كرێی خەڵك بەرپرسن، ئەرێ بەڕاست تاكەی هەست بەبەرپرسیارێتی ناكەن؟

هەروەها هاوڵاتیەکی دیکەش لەسەر هەمان بابەت دەڵێت، هاوڵاتیانی خزمەتکراوی وڵاتانی دنیا داوای سینەمای تایبەت دەکەن بۆ گەڕەکەکانیان، لای ئێمەش مردن لە چاوەڕوانی وەرگرتنی موچەی ساڵی رابردوودا.

هەر لە درێژەی کاردانەوەکاندا مامۆستایەکی زانکۆ لەسەر بابەتەکە دەڵێت، زۆر ئەستەمە، روداوی هاوشێوە لە هیچ وڵاتێك روبدات، بەڵام بە گریمانەیی؛ ئەگەر لە هەر وڵاتێکی تر، ئەو کارەساتە رویبدایە، نەك تەنیا وەزیری بەرپرس (بۆ نمونە دارایی)، بەڵکو حکومەت هەڵدەوەشایەوە.

گیانلەدەستدانی ئەم هاوڵاتیە یەکەم کەس نییە کە لە کاتی سەرەی وەرگرتنی موچەدا گیان لەدەستبدات، بەڵکو تا ئێستا چەند هاوڵاتیەکی دیکەش بە هەمان شێوە گیانیان لەدەستداوە.