سەردێڕ:

جێگری پارێزگاری هه‌ولێر: رێگە بە گه‌شت و سه‌ردان بۆ هەولێر نادەین

فۆتۆ: 
2020-07-15

40966 جار خوێندراوەتەوە

جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگەیاند، هه‌موو رێگه‌پێدانێك كه‌ له‌ داهاتوودا ده‌كرێت ته‌نها بۆ حاڵه‌تى تایبه‌ت و پێویستە. دەشڵێت، "رێگه‌پێدان بۆ مه‌به‌ستى سه‌ردانى و گه‌شتكردن ناکرێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگەیاند، "ده‌سه‌ڵات دراوه‌ به‌ ژووری ئۆپراسیۆنه‌كان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى كه‌ پێویستن بۆ نه‌خۆشى و ئه‌وانه‌ش كه‌ ئیقامه‌ى هه‌ولێریان هه‌یه‌ و یاخود كارێكى گرنگیان هه‌یه‌ به‌ ته‌نسیق له‌ نێوانى ژووری ئۆپراسیۆنه‌كان رێگه‌یان پێده‌درێت".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "ئەو كەسانەی ڕێگەیان پێدەدرێت سەردانی هەولێر بكەن، ئەوا دەبێت لەسەر ئەرکی خۆیان له‌ ده‌روازه‌كانى هه‌ولێر- كه‌ركوك و هه‌ولێر - موسڵ به‌ مه‌رجى پشكنین بێنە ناو پایتەخت."

وتیشی، بە مەبەستی سەردانکردن و گەشتکردن رێگەپێدان بە هیچ کەسێک نادرێت.

ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لەمەودوا لە هەموو بازگەکانی پارێزگای هەولێر پشکنین دادەنێن و بڕێک پارە، کە لە ٥٠ هەزار دینار زیاتر نەبێت لەو کەسانە دەسەنرێت کە لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە، جگە لە هەرێم، سەردانی ئەو پارێزگایە دەکەن.