سەردێڕ:

دۆران کاڵکان: تورکیا دەیەوێت له‌ عه‌فرینه‌وه‌ تا خواكورك له‌ كورد چۆڵبكات

فۆتۆ: 
2020-07-15

3693 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە باس لەوەدەکات، تورکیا به‌نیازه‌ له‌ عه‌فرینه‌وه‌ تا خواكورك له‌ كورد چۆڵبكات و گروپە توندڕەوەکانی تێدا جێگیربكات.

دوران كاڵكان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێم ده‌ڵێت، ئه‌م پیلانه‌ نوێیه‌، نابێت تێكه‌ڵی ئه‌وانه‌ی پێشوو بكرێت، به‌وپێیه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا ته‌نها دژی په‌كه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو پیلانی دروستكردنی ناوچه‌ی ئارامه‌.

رونیشیکردەوە، توركیا ده‌یه‌وێت كوردستان له‌ عه‌فرین تا خواكورك داگیربكات، ده‌یانه‌وێت ناوچه‌یه‌ك به‌ درێژایی هه‌زار كیلۆمه‌تر و پانتایی ٥٠ بۆ ٦٠ كیلۆمه‌تر داگیربكات و له‌ كورد چۆڵی بكه‌ن، له‌ جێی كوردیش، به‌ نیازن چه‌ته‌كانیان له‌ قه‌فقاز، ئاسیای ناوین و باشور، خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌ڵقان، جێگیربكه‌ن و هێڵێكی تیرۆر دروستبكه‌ن، ده‌یانه‌وێت كوردستان له‌ ڕووی جوگرافییه‌وه‌ جیابكه‌نه‌وه‌ و په‌یوه‌ندیی نێوان به‌شه‌كان ببڕن.

ئەو ئەندامەی كۆمیته‌ی به‌ڕێوبه‌ری په‌كه‌كه‌ دوپاتیده‌كاته‌وه‌، هێرشه‌كانی ئه‌مجاره‌ بۆ پاكتاو و چوڵكردنی ناوچه‌كه‌یه‌ له‌ كورد، به‌و هێڵه‌ تیرۆره‌ش كه‌ توركیا دروستیده‌كات، ده‌یه‌وێت خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داگیربكات و تیرۆر هه‌نارده‌ی جیهان بكات.

كاڵكان پێشی وایه‌، هه‌ندێك كه‌س، به‌تایبه‌تی كاربه‌ده‌ستانی باشوری كوردستان، ڕێكخراوه‌كانی كورد و ڕای گشتی له‌ ده‌ره‌وه‌، دركیان به‌و پیلانه‌ی توركیا نه‌كردووه‌، له‌كاتێكدا به‌وته‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی كۆمیته‌ی به‌ڕێوبه‌ری په‌كه‌كه‌، له‌چوارچێوه‌ی پیلانه‌كه‌ی توركیادا پێگه‌ی هەرێمی كوردستانیش له‌ناوده‌چێت.