سەردێڕ:

مامۆستا کەلەپچەکراوەکەی کەرکوک چیرۆکی گیانلەدەستدانی خێزانەکەی دەگێڕێتەوە

فۆتۆ: 
2020-07-15

7392 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ مامۆستا محەمەد لەمیانی بەرنامەیەکی راستەوخۆی ئێن ئاڕ تی باسی لە چیرۆکی گیانلەدەستدانی خێزانەکەی کرد و چەندین زانیاری خستەڕوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مامۆستا محەمەد بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "من داوای مافی خۆم کرد، لەبەر کەمی ئۆکسجین زۆربەی نەخۆشەکان رووبەڕووی خنکان دەبنەوە، هەر بۆیە دوو بوتڵ ئۆکسجینم لای خۆمان بۆ حاڵەتی لەناکاو دانا، کاتێک کارمەندەکان لێیانسەندم و بردیان توشی فشارێکی دەروونی هاتم و خۆم پێڕانەگیرا ئەوەبوو چووم بوتڵەکەم شکاند."

لەدرێژەی باسەکەدا وتی، "دواتر چوومەوە بۆلای خێزانم ئەو کەسانەی لەوێ بوون بوتڵێکیان دامێ و خێزانمیان لە مردن رزگارکرد، بەڵام دواتر  تیمی پۆلیس هاتن و منیان برد بۆ بنکە پاش ئەوەی ماوەیەک منیان هێشتەوە، گەڕاندیانمەوە بۆ نەخۆشخانە بۆلای خێزانەکەم و لەبەرچاوی ئەودا کەلەپچەیانکردم."

وتیشی، "کارمەندەکان کاتێک دەرمان بۆ نەخۆش هەڵدەواسن ئیدی نایەنەوە بەلایدا، خێزانەکەم بەر لەوەی گیانلەدەستبدات، رۆژێکی تەواو دەرمانی پێنەدرابوو، کاتێک داوامکرد کانۆلای بۆ دابنێن، بە نەشارەزایی بۆیان دانابوو بەجۆرێک، بەشێکی زۆری دەرمانەکە دزەیکردە دەرەوە و بە جێگاکەیدا رژایە ناو شانی و گیانی هەمووی بوو بە دەرمان، منیش دەستم کەلەپچەکرابوو نەمدەتوانی هیچ بکەم."

ئەوەشی خستەڕوو، "هەر کەسێک چووبێتە نەخۆشخانەی کەرکوک دەزانێت کەمتەرخەمییەکی زۆر بەرامبەر نەخۆش دەکرێت و مورافیقی نەخۆشەکان خۆیان زۆربەی کارەکان دەکەن لە دابینکردنی خواردن و پێداویستی و پلازما."

ئاماژەی بەوەشکرد، "راستە بارودۆخی خێزانم لەسەرەتادا زۆر باش نەبوو، بەڵام رۆژ لەدوای رۆژ هەستم بە گۆڕانکاری دەکرد و رووەو باشبوون دەچوو، بەڵام دوای رووداوەکە دڵی شکا لەو حاڵەتەی خۆی تێدابوو لەوەش کە منی بەو شێوەیە دەبینی"، "دەشڵێت، "کەلەپچەکەیان هێندە بە بەهێزی بەست، نەمدەتوانی دەست بجوڵێنم و داواکارییەکانی خێزانەکەم جێبەجێبکەم."

دوێنێ، لە شاری کەرکوک بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک کاردانەوەی لێکەوتەوە، کە تێیدا پیاوێک بەدیار تەرمی هاوسەرەکەیەوە لە نەخۆشخانە کەلەپچە کراوەتە دەستی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گوایە ئامێرێکی هەناسەدانی شکاندووە.