سەردێڕ:

حکومەتی عێراق: چەند دەروازەیەکی دیکەمان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە

فۆتۆ: 
2020-07-15

37849 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی عێراق کۆنتڕۆڵکردنەوەی هەریەک لە دەروازەکانی شلامجە و سەفوان و مینای ئوم قەسری راگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە، حکومەتی عێراق کۆنتڕۆڵکردنەوەی هەریەک لە دەروازەکانی شلامجە و سەفوان و مینای ئوم قەسری راگەیاند و فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقیش باس لەوەدەکات، "لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆكوەزیران و فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان، پلانێكی تەواو بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سەرجەم دەروازە سنورییەكان ئامادەكراوە".

پێشتریش لە راگەیەندراوێكدا فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ئاماژەی بەوە کردبوو، "ئەو پلانە دوای كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكانی مەندەلی و مونزرییە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەروازە سنورییەكان ئامادەكراوە، بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنی سەرجەم دەروازە سنورییەكان، پاراستنی حەرەمی گومرکی، سەپاندنی ئاسایش و جێبەجێكردنی یاسا لە سەرجەم دەروازەکاندا."

ئاماژەی بەوەشکردبوو، "هێزی دەریاوانی راسپێردراوە بۆ ئەوەی دەروازە سنورییە دەریاییەكان لە بەندەری ئوم قەسر لە پارێزگای بەسرە كۆنتڕۆڵ بكات و دەسەڵاتی تەواو بەو هێزانە دراوە بە ئامانجی سەپاندنی ئاسایش و جێبەجێكردنی یاسا لە دەروازە سنورییەكاندا."

لە ١٣ی ئەم مانگەدا مستەفا کازمی رایگەیاندبوو، پلانێكی باشیان بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تێیاندا ئامادەكردووە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش ئەوەی خستبووەڕوو، "لەسەر فەرمانی كازمی هێزە ئەمنییەكان لە دەروازە سنورییەكاندا خراونەتە ژێر فەرمانی بەڕێوەبەرانی دەروازەکان بۆ ئەوەی لەمەودوا، داهاتی ئەو دەروازانە بەهەدەر نەدرێت و بگەڕێتەوە گەنجینەی وڵات."

ژمارەی دەروازە سنورییەكانی عێراق ٢٢ دەروازەیە، لەنێویاندا زرباتییە، شەلامجە، مونزرییە و شیب لەگەڵ ئێران، سەفوان لەگەڵ كوەیت، تربێل لەگەڵ ئوردن، وەلید لەگەڵ سوریا، عەرعەر و عەرعەری نوێ لەگەڵ سعودیە، کە لە ئێستادا ژمارەیەکیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کۆنترۆڵکراونەتەوە.

بوونی گەندەڵیی لە دەروازە سنورییەكانی عێراق یەكێكە لە گرنگترین ئەو دۆسیانەی كە هەوڵدراوە لە خولی پێشوو و ئێستای پەرلەمان یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو دۆسیەیە یەكلایی نەكراوەتەوە، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی دەروازە سنورییەكان لە پارێزگاكانی باشوری عێراق لەلایەن گروپە چەكدارەكانی شیعەوە كۆنترۆڵكراون.