سەردێڕ:

لە سلێمانی پیاوێک لەسەرەی موچەدا گیانیلەدەستدا

فۆتۆ: 
2020-07-15

10142 جار خوێندراوەتەوە

هاوڵاتیەکى خانەنشین لەکاتى نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنى موچەى مانگى پێنجی ساڵى ٢٠١٩ لە سلێمانی گیانیلەدەستدا.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، ئەو هاوڵاتییە ناوی جەبار غەفورە و تەمەنی ٧٣ ساڵ بووە و لەکاتی نۆرەگرتنەکەدا تەندروستی تێکچووە و دواتر لە ریزەکە هاتووەتە دەرەوە و لە سێبەرێکدا دانیشتووە و پاشان گیانیلەدەستداوە.

باسی لەوەشکرد، کە ئەو هاوڵاتییە موچەی خانەنشینییەکەی وەرنەگرتووە و قەرەباڵغیش لە شوێنی وەرگرتنی موچەکەدا لە بنکەی یەکی خانەنشینی لە سلێمانی دروستبووە.

یەکێک لەو خانەشینانەش کە چاوەڕێی وەرگرتنی موچەکەی بووە و ڕووداوەکەی بینوە باسی لەوە کرد، ئەو خانەنشینە دوای گیانلەدەستدانی، لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە تەرمەکەی گواستراوەتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە تا ١٢ی نیوەڕۆ لە نۆرەی وەرگرتنی موچەدا وەستاوە، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغییەوە نەیتوانیوە موچەکەی وەربگرێت.

ئەوە یەکەم رووداوی لەو جۆرە نییە و پێشتریش چەندین جار، لە چەند شوێنێکی جیاوازی هەرێمدا هاوڵاتیان لە سەرەی وەرگرتنی موچەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە.

لە زۆرینەی بانک و ئەو شوێنانەی کە موچەی خانەنشینان دابەشدەکرێت، ڕەچاوی باری تەندروستی و تەمەنی خانەنشینان نەکراوە و کورسی و شوێنی مانەوە دابین نەکراوە، بۆ ئەوەی خانەنشینیان تێیدا بمێننەوە تا ئەو کاتەی موچەکانیان وەردەگرن.