سەردێڕ:

لە سلێمانی پێنج شوێن داخران

فۆتۆ: 
2020-07-15

4405 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، به‌هۆی سه‌رپێچیكردن له‌ رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی پێنج ریستۆرانتی تا كاتێكی نادیار داخست.

ئەمڕۆ چوارشەممە، كوردۆ عه‌زیز، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ریستۆرانتی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند، "به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوون به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و‌ سه‌رپێچیكردن له رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنه‌كه‌ پێنج ریستۆرانتی گه‌شتیاری له‌ شاری سلێمانی داخستووە و خاوه‌نه‌كانیان روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی دەکرێنەوە."

باسی لەوەشکرد، "لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنه‌كانی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ شاری سلێمانی، به‌مه‌رجی جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و رێكاره‌كانی خۆپارێزی دوكان و بازاڕه‌كانی كردووه‌ته‌وه‌، له‌كاتی پابه‌ندنه‌بوونی ئه‌و شوێنانه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه‌ داده‌خرێن."

پێشتر لیژنه‌ی باڵای قائیمقامیه‌تی سلێمانی، هه‌موو ئه‌و شوێنانەی‌ ئاگادار‌كردووه‌ته‌وه‌‌ كه‌ به‌پێی رێنماییه‌كانی ژوری ئۆپراسیۆنه‌كان دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا كراونه‌ته‌وه‌ و به‌هۆی سه‌رپێچی جارێك داخراون، له‌كاتی دوباره‌ كردنه‌ی سه‌رپێچیدا شوێنه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ  داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی توند ده‌كرێته‌وه‌.