سەردێڕ:

بەشێک لە باخەوانەکانی سلێمانی دژی کەمکردنەوەی موچەکانیان گردبوونەوە

فۆتۆ: 
2020-07-15

6458 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە باخەوانەکانی شارەوانی سلێمانی دژی کەمکردنەوەی موچەکانیان گردبوونەوە و باس لەوەدەکەن، سەرەڕای بڕینی ٪٢١ی موچەکانیان، ١٠٠ هەزار دیناری دیکەشیان لێبڕدراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەشێک لە باخەوانەکانی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سەر بە شارەوانی سلێمانی دژی کەمکردنەوەی موچەکانیان گردبوونەوە، لەوبارەیەوە یەکێک لە باخەوانەکان باس لەوەدەکات، "دوو موچەیە بەبێ هۆکار ١٠٠ هەزارمان لێدەبڕن و خۆشمان هۆکارەکەی نازانین چییە."

باخەوانێکی دیکەش رایگەیاند، "تەنیا لە باخەوانەکانی شاری سلێمانی ئەو بڕەپارەیە بڕدراوە و لە سەرپەرشتیار و ئەندازیار و بەڕێوەبەرەکان نەبڕدراوە."

باخەوانێکی دیکەش رایگەیاند، "ئێمە لە ماوەی کەرەنتینکردنیشدا دەواممانکردووە بە بەردەوامی"، دەشڵێن، ناچنەوە سەر کارەکانیان هەتا ئەو کێشەیەیان بۆ یەکلایی نەکرێتەوە.

باخەوانێکی دیکەش هۆکارەکەی بۆ کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدار دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "چونکە ئەو بڕەپارەیە لە خۆیان نەبڕدراوە بۆیە بە دەم داواکرییەکەمانەوە نایەن."