سەردێڕ:

پۆلیس بەدوای کوڕەکەی کریستیانۆوەیە

فۆتۆ: 
2020-07-14

38504 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی وڵاتی پورتوگال لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکردوە لە ڤیدیۆیەک کە تیایدا کوڕە گەورەکەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ کە تەمەنی ١٠ ساڵانە ماتۆڕێکی دەریایی (جێت سکی) بە تەنیا لێدەخوڕێت.

ماڵپەڕی میرەر باسی لەوە کردوە، ڤیدیۆکە سەرەتا لە لایەن خوشکەکەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆوە بڵاوکراوەتەوە و تیایدا کریستیانۆ جونیەر بە تەنیا جێت سکی لێدەخوڕێت، کە ئەمەش کارێکی نایاساییە منداڵێک لەو تەمەندا بەتەنیا ئەو جۆرە ماتۆڕە لێبخوڕێت.

هەرچەندە هەر زوو خوشکەکەی ڕۆناڵدۆ بە کێشەکەی زانیوە و ڤیدیۆکەی سڕیوەتەوە، بەڵام ئەمە لە قسە و قسەڵۆکی ڕۆژنامەکان ڕزگاری نەکردوە و کێشەکە گەشتوەتە پۆلیسی وڵاتەکە.

ڤیدیۆکە لە پۆل دو ماری باشوری کەناراوەکانی مادێرا تۆمارکراوە، کە کوڕەکەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لەوێ پشووی هاوینی لەگەڵ کەسوکاریدا بەسەر دەبات.

بەڕێوەبەری پۆلیسی دەریایی پورتوگال دەڵێت، "لێکۆڵینەوە بەردەوامە، لێخوڕینی (ئەو ماتۆڕە) پێویستی بە مۆڵەتە کە تەنیا بە پێگەیشتوان دەدرێت، دواتر دەبینین کە ئایا تەنیا سزای ماددی دەدرێت یاخود سزای دیکەش دەبێت."

ب.ع