سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. کەلەپچەکردنی پیاوێک بە قەرەوێڵەی هاوسەرە کۆچکردووەکەیەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2020-07-14

18403 جار خوێندراوەتەوە

لە شاری کەرکوک بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک کاردانەوەی لێکەوتەوە، کە تێیدا پیاوێک بەدیار تەرمی هاوسەرەکەیەوە لە نەخۆشخانە کەلەپچە کراوەتە دەستی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گوایە ئامێرێکی هەناسەدانی شکاندوە.

وەکو لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت پیاوێک بە دیار تەرمی ھاوسەرەکەیەوە کەلەپچەیەک لە دەستی دایە و بەستراوەتەوە بە قەرەوێڵەی ھاوژینەکەیەوە.

بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکوک دەڵێت، ئەوان سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو مامۆستایە تۆمار دەکەن، چونکە ئەو ئامێرە نرخی شەست ھەزار دۆلارە و تەنھا بیست دانە لە نەخۆشخانەکانی کەرکوکدا ھەن.

بە پێی بە دواداچوونەکانی ئێن ئاڕ تی ئەو کەسە مامۆستایەکی کوردە و بە ھۆی شکاندنی ئامێرێکی ھەناسەدانەوە سکاڵایی لەسەر تۆمارکراوە، کەس و کاری مامۆستاکە دەڵێن ، کە ئەو بە ھۆی گوێ پێنەدانی کارمەندانی نەخۆشخانەکە بە تەندروستی خێزانەکەی ئەو ئامێرەی شکاندووە.

لە بارەی ڕووداوەکەشەوە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کەرکوک لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا رایگەیاند، کە ئەو لە بەغدایە و ناتوانێ قسەی زۆر لەسەر ڕووداوەکە بکات، بەڵام  وتی: ئەوان سکاڵایی یاسایی لە سەر ئەو مامۆستایە تۆمار دەکەن، چونکە ئەو ئامێرە نرخی شەست ھەزار دۆلارە و تەنھا بیست دانە لە نەخۆشخانەکانی کەرکوکدا ھەن.

ھەر سەبارەت بە ھەمان بابەت لیژنەی ھەڵوێست بۆ داکۆکی کردن لە مافی مامۆستایان و موچەخۆرانی ھەرێم لە پەروەردەی کەرکوک بۆ پالپشتی لە مامۆستاکە لە بەردەم نەخوشخانەی گشتی کەرکوک گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا.

لە ماوەی ڕابردووشدا نەخوشخانەکانی کەرکوک کەمیی پێداویستی تەندروستی و ھۆکارەکانی خۆپارێزی ئوکسجینیان ھەبوە و ھاوڵاتیانیش چەند جارێک بە گرتە ڤیدیۆیی لە نێو نەخوشخانەکاندا ڕەخنەیان ئاراستەیی تەندروستی کەرکوک کردوە، بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە ئۆکسجین و ئامێری ھەناسەدانی پێویست بۆ توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دابین بکەن.