سەردێڕ:

پێشمەرگە و سوپای عێراق هێزیان بەرامبەر یەک جێگیرکردووە

فۆتۆ: 
2020-07-14

43037 جار خوێندراوەتەوە

ئۆپراسیۆنەکانی سوپای عێراق لە ناوچەکانی کێشە لەسەر بە بیانوی جێگیربوونی ئەو سوپایە لە ناوچەکانی سنوری گەرمیان لێکدەدرێتەوە و لەئێستاشدا هێزەکانیان بەرامبەر بە یەکتر جێگیرکردووە.

ئۆپراسیۆنەکانی سوپای عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و نزیکبوونەوە لە سنورەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردی، بە جێگیرکردنی ئەو سوپایە لەو ناوچانە لێکدەدرێتەوە، لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە سوپای عێراق تا گوندی کوڵەجۆی ناوەندی ناحیەی کۆکس پێشڕەوییان کرد، بەڵام پێشمەرگە ڕێگری لێیان کرد و دواتر ڕێکەوتن کرا، لە ئێستاشدا هەردوولا هێزیان بەرامبەر بەیەکتر جێگیرکردووە.

بەرپرسانی کورد دەڵێن ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لەو سنوورە تەنها بیانووە و سوپای عێراق بەم هەنگاوەیان دەیانەوێ پەیامی بەهیزبوونیان بە حەشدی شەعبی بگەیەنن و لە پاڵیشیدا تەنگ بە پێشمەرگە هەڵبچنن و بگەڕێنەوە بۆ سنورەکانی سەردەمی حکومەتی بەعس.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی پێش دەستپێکردنی قۆناغی چوارەمی ئۆپراسیۆنی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە ناوچە کیشە لەسەرەکان، پێشمەرگە ترسیان لە ئامانجی هێزە عێراقییەکان بوو، لەبەرئەوە ئامادەکارییان کرد و هێزی زیاتری ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.

ئێن ئاڕ تی ئەوەشی زانیوە، لە ئێستادا سوپای عێراق داوای جێگیربوونیان لە بازگەکانی پۆلیسی گەرمیان کردووە لە کفری و بە مەبەستی جێگیربوونیان و لە نزیک هێزەکانی پێشمەرگەش هەوڵی دروستکردنی سەنگەر دەدەن، پێشمەرگە دووجار لەگەڵیان کۆبوونەتەوە، دەڵێن بەمانەوەیان ڕازی نین سوپاش تا ئێستا ئامادە نییە بگەڕێنەوە و دەڵێن بەفەرمانی سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی عێراق هاتوون و تەنها بە فەرمانی ئەوانیش دەگەڕێنەوە.

به‌وته‌ى فه‌رمانده‌يه‌كى به‌شداربووى دوایين كۆبوونه‌وه‌ى نێوان پێشمه‌رگه ‌و سوپا کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، له‌ سنوورى كفرى لەسەر جێگیربوونی سوپا و دروستکردنی ٨ سەنگەر بۆ هەریەکە لە سوپا و پێشمەرگە، بە مەرجی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ڕێککەوتوون، به‌ڵام جه‌بار ياوه‌ر ئه‌ميندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت، سوپا له‌ هيچ شوێنێك جێگير نه‌بووه‌، به‌ڵكو دواى ئۆپه‌راسيۆنه‌كه‌ بۆ شوێنى خۆيان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

پێشڕەوی کردنی سوپای عێراق بۆ سنووری هێزەکانی پێشمەرگە و ناچارکردنیان بەکشانەوە نوێ نییە و پێشتریش بە هەمان شێوە سنووری دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازیی کورد بەناوی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی دژەتیرۆرەوە کەمکراوەتەوە.

یەکەم هەوڵیش لە ساڵی ۲۰۰٨ لەلایەن نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراقەوە درا بە دروستکردنی هێزی دیجلە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی مژدە گەلی چاکە، هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی لە ناحیەکانی جەلەولا و سەعدیە و سنووری حەمرین ناچار بە کشانەوە کرد، کە تا ئەوکاتە تەنها هێزی ئەمنی و سەربازی بوون لەوێ، لە ئێستاشدا بەپێی ئەوەی بەشێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە بۆ ئێن ئاڕ تی ئاشکرایان کردووە، داواکاری ئەم هێزەی سوپای عێراق جێگیربوونیانە لە تەواوی ئەو ناوچانەی کە پێش ساڵی ۲۰۰۳ سوپای عێراقی تێدابووە.

گەرمیان حەمەپور، گەرمیان