سەردێڕ:

خوێندکارێکی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە ئاوی دوکاندا خنکا

فۆتۆ: 
2020-07-14

14473 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامییەتی دوکان رایگەیاند، لە کاتی مەلەکردندا گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ، کە خوێندکاری پۆلی ١٢ی ئامادەیی بووە لە دەریاچەی دوکاندا خنکا.

ئەمڕۆ سێشەممە، قائیمقامییەتی قەزای دوکان رایگەیاند، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەنجێک لە کاتی مەلەکردندا لە دەریاچەی دوکاندا خنکا، دەشڵێت، "بەپێی زانیارییەکان ئەو گەنجە خوێندکاری قۆناغی دوانزە بووە و تەمەنی ۲٠ ساڵە و خەڵکی گوندی چاڵاوای دۆڵی جافایەتییە ."

ئاماژەی بەوەشكرد، "دوای رووداوەکەش تیمی مەلەوانی دوکان و ئاسایش و پۆلیسی فریاکەوتن رۆشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمەکەشی لە لایەن تیمی مەلەوانی دوکانەوە دەرهێنراوەتەوە."

ئەوەش هاتووە، لە ئەم ساڵدا ئەمە یەکەمین رووداوی خنکانە لە ئاوی دوکاندا.

قەزای دوکان، دەکەوێتە بەشی باکوری پارێزگای سلێمانی، ساڵانە بەهۆی بوونی بەنداو و سەیرانگای دوکان گەشتیارێکی زۆر سەردانی ئەو قەزایە دەکەن.