سەردێڕ:

رۆژنامەیەکی بەریتانی: کیم جۆنگ ئون سوپای ئەلیکترۆنیی هەیە

فۆتۆ: 
2020-07-14

7585 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، سەرۆکی کۆریای باکور تەنیا چەکی ئەتۆمی نییه، بەڵکو سوپایەکی ئەلیکترۆنیشی هەیه بەکاردێت بۆ هێرشی ئەلیکترونی و هاککردنى ملیۆنەها دۆلار لە ڕێگەی هەژماری بانقیەکانەوە.

ئەو ڕۆژنامەیە لە ڕاپۆرتێکدا باسیشی لەوە کردوە، هاککەرانی کۆریای باکوور دەستیانکردوە بە هێرشی ئەلیکترۆنی لەپێناو بەدەستهێنانی پارە و داهات بۆ خەزێنەی وڵاتەکەیان.

ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییەش دامودەزگا ئابورییەکانی وڵاتان دەکاتە ئامانج و بەگوێرەی ئاماری ئەو هێرشانە تاوەکو ئێستا  نزیکەی دوو ملیار دۆلاری ئەمریکیان بەدەستهێناوە.

ئەو ڕۆژنامە بەریتانییە پشتی بە ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بەستوە کە تێیدا هاتوە ئەو پارە دزراوانە لە ئێستادا کۆریا باکوور دەیگوازێتەوە بۆ ئەوەی بەرنامەی مووشەکی پێ پەرەبدات.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا چەندین نامەى فەیک نێردراوە بۆ کارمەندان و ئەندامانى ماڵپەری لینکد ئین، کە تایبەتە بە ڕەخساندنی هەلی کار لەسەر ئاستی جیهاندا، لە نامەکانیشدا هاتووە، ئێمە پێشوازیتان لێدەکەین و داواتان لێدەکەین ئەو هاوپێچە داگرن بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنای هەلی کارەکان بن و ئێمە لە باشترین جێگا دادەمەزرێنین.

ئەو نامەیە کە دەبێتە هۆی هاککردن بە شێوازێکی زۆر سەرنج ڕاکێش دارێژراوە چونکه لیستی هەلی کارەکان و مووچە و کۆمەڵێک بابەتێکی دیکەی تێدایە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو نامەیە هیچ ڕاست نییه و هێرشی ئەلیکترۆنییە.

پاش داگرتنی ئەو هاوپێچە، هاککەرەکە دەتوانێت دەستبگرێت بەسەر کۆمپیوتەری نێچیرەکە و بچێتە ناو ئیمەیڵ و تەواوی زانیارییەکانی ئەو کەسە و لەو ڕێگەیەشەوە هەموو داهات و پارەکەی بگوازێتەوە بۆ سەر هەژمارەکەی خۆی.

لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤ ئەو گروپە هاککەرەی سەر بە وڵاتى کۆریای باکوور توانییان تۆڕی سۆنى هاک بکەن، لە ٢٠١٧شدا هێرشی ئەلیکترۆنییەکانیان بۆ دەستەى خزمەتگوزاری تەندروستى لە بەریتانیا کرد.