سەردێڕ:

ڤاکسینە ئەمریکییەکە قۆناغەکانی کۆتایی دەستپێدەکات

فۆتۆ: 
2020-07-14

11677 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکی رایگەیاند، لە ٢٧ی ئەم مانگەدا، قۆناغەکانی کۆتایی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەی دەستپێدەکات. دەشڵێت، "٣٠ هەزار کەس بەشداری لە تاقیکردنەوەکەدا دەکەن."

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، لە رۆژی یەکەمی تاقیکردنەوەکەدا، هەر بەشداربوویەک ١٠٠ مایکرۆگرام لە ڤاکسینە پەرەپێدراوەکەیان لە رێگەی قۆڵەوە پێدەدرێت.

ڤاکسینەکەی کۆمپانیای مۆدێرنا پێکهاتەی جینیی تێدایە کە بە نامەبەری RNA ناسراوە. نامەبەری RNA بریتییە لە کۆدێکی جینیی بەهۆیەوە خانەکانی جەستە لە دۆخەکە ئاگاداردەکرێنەوە و پێیاندەوترێت کە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا چی دروستبکەن.

ڤاکسینەکەی مۆدێرنا یەکەم ڤاکسین بوو کە گەیشتە قۆناغی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ لە مانگی ئازاری رابردوودا و لە مانگی ئایاریشدا، ئەنجامەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە سەرکەوتوو بووە.

هەوڵەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکە هاوتەریبە لەگەڵ دەیان کۆمپانیا و وڵاتی دیکە بۆ پەرەپێدان و ئامادەکردنی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.