سەردێڕ:

​ئێران کەسێکی بە تۆمەتی دزەپێکردنی زانیاریی بۆ ئەمریکا لەسێدارەدا

فۆتۆ: 
2020-07-14

7416 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ئێران کەسێکی بە تۆمەتی دزەپێکردنی زانیاریی لەبارەی بەرنامەی موشەکیی وڵاتەکەی بۆ ئەمریکا لەسێدارەدا و بڕیارە کەسێکی دیکەش بە تۆمەتی زانیاریدان لەبارەی قاسم سولەیمانییەوە لەسێدارەبدرێت.

غوڵام حسێن ئیسماعیلی، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، بە تۆمەتی سیخوڕی و فرۆشتنەوەی زانیاری لەبارەی بەرنامەی موشەکیی ئێران بە ئەمریکا، هەفتەی رابردوو، ڕەزا عەسکەری کارمەندی پێشووی بەشی ئاسمانیی وەزارەتی بەرگریی لەسێدارەدراوە.

باسی لەوەشکردووە، لە پاش خانەنشینبوونی ڕەزا عەسکەری لە ساڵی ٢٠١٦، لە بەرامبەر فرۆشتنی زانیاریی بەرنامەی موشەکیی ئێران، پارەیەکی زۆری لە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا "سی ئای ئەی" وەرگرتووە.

وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، کەسێکی دیکە بەناوی مەحمود موسەوی بە تۆمەتی زانیارییدان لەبارەی جموجوڵەکانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی وڵاتەکەی بە ئەمریکا، بە زووی لەسێدارە دەدرێت.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، حکومەتی ئێران، بە تۆمەتی دزەپێکردنی زانیاریی هەواڵگریی لەبارەی پرۆگرامی ناوەکی وڵاتەکە بۆ سی ئای ئەی، کەسێکی بەناوی ئەمیر ڕەحیمپور لەسێدارەدا.

لە تەمموزی ساڵی ڕابردووشدا، ئێران دەستگیرکردنی گروپێکی ١٧ کەسی راگەیاند کە لەناو دامودەزگا هەستیارەکانی وڵاتەکەدا زانیارییان بە سی ئای ئەی فرۆشتووە.