سەردێڕ:

لە شەش مانگی ئەمساڵدا نزیکەی ٥٠٠ عێراقی گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا

فۆتۆ: 
2020-07-14

4594 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی دواین ئامارەکان کە پڕۆژەی کۆچبەر لە کوردستان لە دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەریگرتووە، لە شەش مانگی ئەمساڵدا تەنھا ٢٨ ھەزار و ٧٢٩ کۆچبەر و پەناخواز لە ڕێگای دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا کە ئەفغانی و سوری و جەزائیرییەکان زۆرترینیان پێکھێناوە، ھاوکات ٣٣٩ کۆچبەریش لە ڕێگادا گیانیان لەدەستداوە.

ژمارەی گشتیی کۆچبەرانی گەیشتوو بۆ ئەوروپا لە ڕێگای دەریای ناوەڕاستەوە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

یۆنان: ١٠ ھەزار و ٤٠٨

ئیسپانیا: ھەشت ھەزار و ٦٩٣

ئیتاڵیا: حەوت ھەزار و ٣٣٠

ماڵتا: ھەزار و ٧٧٦

قوبروس: ٤٦٨

لەبارەی کۆچبەرانی عێراقی، لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی حوزەیران، نزیکەی ٥٠٠ کۆچبەری عێراق خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی ئەوروپا کە ٣٤٠ کۆچبەریان دەربازی یۆنان بوون و ٩٩ کۆچبەری تریان گەیشتوونەتە ئیتاڵیا.

ئامارەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر کەمترە کە ئەوەش چەند ھۆکارێکی ھەیە، سۆران ڕەشید، بەرپرسی میدیایی پڕۆژەی کۆچبەر لە کوردستان ڕایگەیاند، کەمکردنی شەپۆلی کۆچبەرانی عێراقی و ھەرێمی کوردستان بەرەو ئەوروپا ڕووی لە کەمی کردووە، بەڵام ھۆکارەکە ناوخۆیی نیە و پەیوەندی بە سەختبوونی ڕێگای کۆچی نائاسایی ھەیە.

سۆران ڕەشید وتیشی، ھۆکاری یەکەم بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنایە لە سەرانسەری جیھان، لە سەرەتای شوباتەوە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپی بە تەواوی سنورەکانیان داخست و سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانیان ڕاگرت، ئەوەش بەربەستێکی سەرەکی بوو لە بەردەم کۆچبەراندا.

ھۆکاری دووەم، بەپێی قسەکانی سۆران ڕەشید، توندکردنی سنورەکان و گۆڕانکارییە لە سیاسەتی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی وەستاندنی شەپۆلی کۆچبەرانی نائاسایی دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ یۆنان وەزارەتێکی بە تایبەت پێکھێناوە بە ناوی وەزارەتی کۆچ کە پێشتر لە کابینەی حکومەتدا نەبووە، داوای ھێزی زیاتری سنوریی یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ پاراستنی سنور و حکومەتی یۆنان ھەموو ھەوڵێکی خستەگەر بۆ دیپۆرتکردنەوە و گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەشی کە دەربازیان بووە.

بەپێی داتاکانی بەردەست پڕۆژەی کۆچبەر لە کوردستان، لە سەرەتای مانگی تەموزەوە شەپۆلی کۆچی عێراقی و وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە چڕی دەستیپێکردووەتەوە، بە جۆرێک تەنھا لە ١٠ ڕۆژی یەکەمی مانگی تەموزدا، ٥٠٠ کۆچبەر لەلایەن ھێزەی پاسەوانی دەریایی تورکیاوە دەستبەسەرکراون.