سەردێڕ:

مەسعود باتێلی: لە کاتی پێویستدا هاوڵاتیان دەتوانن سەردانی ئێران بکەن

رێگە بە هاوڵاتیانی هەرێم دەدرێت سەردانی ئەم وڵاتە بکەن
فۆتۆ: 
2020-07-14

72642 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، بە وەرگرتنی مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، بۆ کاری پێویست ڕێگە بە هاوڵاتیان دەدرێت سەردانی ئێران بکەن.

مەسعوود باتێلی بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران  بە ماڵپەری فەرمی پارتی وتووە، ھەر كەسێك لە ھەرێمی كوردستان بیەوێت سەردانی وڵاتی ئێران بكات، بۆ حاڵەتی نەخۆش و پێویست، دەبێت مۆڵەتی ڕەسمیی وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێت، ئەو كات رێگەی پێدەدرێت لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی ئەو وڵاتە بكات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، کە ئەوانەی مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی ناوخۆیان هەیە، دەتوانن رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە سەردانی وڵاتی ئێران بكەن.

باسی لەوەشکردوە کە لەکاتی گەڕانەوەیاندا لە ئێرانەوە، هاوڵاتییەکان بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ کەرەنتین دەکرێن.

بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەشڵێت، رۆژانە جموجۆڵی بازرگانی بەشێوەیەکی ئاسایی لە دەروازەکەیاندا بەڕێوەدەچێت.

لە مانگی سێی ئەمساڵ و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم گەشتی هاوڵاتیانی بۆ دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکانەوە ڕاگرت، بەڵام هەفتەی رابردوو، زیاتر لە دوو هەزار کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخیان شکاند و هاتنە هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە پرسەی شێخ محەمەدی کەسنەزانی و دوای چەند ڕۆژێک گەڕانەوە.