سەردێڕ:

دوو بەندکراوی سیاسی کورد لە ورمێ لەسێدارەدران

فۆتۆ: 
2020-07-14

3408 جار خوێندراوەتەوە

لە زیندانی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان سزای لە سێدارەدان بەسەر دوو زیندانیی سیاسی کورد جێبەجێکرا.

توڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، سابیر شێخ عەبدوڵا و دیاکۆ رەسوڵزادە دوو زیندانیی سیاسی کورد لە حەوشەی زیندانی ورمێ لە سێدارەدراون.

دیاکۆ رەسوڵ زادە لە ٢٥ی شوباتی ٢٠١٤ و ١٥ی ئاداری هەمان ساڵ لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێران لە مەهاباد دەستگیرکرابوون و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حزبێکی رۆژهەڵات و بەشداری لە تەقینەوەکەی ساڵی ٢٠١٠ی مەهاباد سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو.

رۆژی ٢٢ی ئەیلولی ٢٠١٠ لە کاتی نمایشێکی سەربازی لە شاری مەهاباد کە بە بۆنەی ساڵیادی شەڕی ئێران و عێراقەوە سازکرابوو، بۆمبێک تەقیەوە و بە هۆیەوە ١٢ کەس کوژرابوون و دەیانی تر برینداربوون.

دەستگیرکردن و تۆمەتبارکردنی ئەو دوو هاوڵاتیە کوردە دوای سێ ساڵ، لە کاتێکدایە چوار رۆژ دوای تەقینەوەکە، محەمەد پاکپور فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران باسی لەوەکردبوو ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەیان کوشتووە.

مانگی رابردووش هەواڵی لەسێدارەدانی زیندانیەکی دیکەی سیاسی کورد بە ناوی هیدایەت عەبدوڵاپوور لە زیندانی شنۆ بڵاوکرایەوە.