سەردێڕ:

فارس عیسا: كاتی سه‌ردانی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا دیارینه‌كراوه

فۆتۆ: 
2020-07-14

12378 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا دەڵێت، كاتی سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌غدا دیارینه‌كراوه،‌ به‌ڵام گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا به‌رده‌وام ده‌بێت.

فارس عیسا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، لێكتێگەیشتن له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌ت هه‌یه‌، بۆیه‌ش گفتوگۆكان به‌رده‌وامییان پێده‌درێت و جه‌وله‌ی نوێی گفتوگۆی نێوان هه‌ردوو حكومه‌ت ده‌ستپێده‌كاته‌وه.

باسی لەوەشکرد، ده‌بێت هه‌ردوو حكومه‌ت ڕێكبکه‌ون، چونكه‌ به‌بێ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ كورد وه‌زعی به‌غدا له‌ ڕووی سیاسی و مالییه‌وه سه‌قامگیر نابێت‌.

بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، به‌ ڕوونی له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی وتوویانه‌ گفتوگۆكان و ڕێكکه‌وتن له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووره‌ هیچ شتێكی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور نابێت، له‌ گفتوگۆكان به‌شێك له‌ قسه‌كان ده‌ستوورین و به‌شێكیشیان ده‌ستووری نین، كوردیش لەسەر بنه‌مای ده‌ستوور مامەڵە دەکات.

تا ئێستا، شه‌ش گه‌ڕی دانوستان له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق له‌بارەی بودجه‌ و پرسه‌ هه‌ڵپرسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کراوه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌گەیشتوون به‌ ڕێكکه‌وتنی كۆتایی.