سەردێڕ:

ئەمریکا کاتی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنای راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-07-14

29245 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئەوەی ئاشكراکردووە، زانایانی ئەمریکا پێشبینی دەکەن لە کۆتایی ئەم وەرزەدا دەستبکرێت بە بەرهەمهێنانی چەند بەشێک لە ڤاکسینی کۆرۆنا.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن بی سی رایگەیاندووە، زانایان و پسپۆڕانی ئەمریکا پێشبینی ئەوە دەکەن کە لە کۆتایی ئەم وەرزە "وەرزی هاوین" ڤاکسینی کۆرۆنا بەرهەمبهێنن و ڕۆژنامەکە دەشڵێت، ئامانجی ئەمریکا ئەوەیە کە هەتا ساڵی ٢٠٢١، ٣٠٠ ملیۆن بەش (جورعە) لەو ڤاکسینە بەرهەمبهێنێت.

بەرپرسێکی باڵاش لە ئیدارەی ترەمپ لە میانی چاوپێکەوتنێکی ئۆنلایندا بۆ ڕۆژنامەکان ئەوەی ئاشکراکردووە، هێشتا لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکەدان و دەشڵێت، "ئەوان هێشتا دڵنیانین لەوەی ئەو ڤاکسینانە بە سەرکەوتوویی کاری خۆی بکات"، باس لەوەشدەکات، "ئەوان هێشتا سەرقاڵی کڕینی کەرەستە و پێویستییەکانن و دەیانەوێت وەک "ماددەیەکی خاو" کەرەستەکان بپارێزن."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پێشبینی دەکرێت لە ماوەی نێوان چوار بۆ شەش هەفتەی داهاتوودا دەستبکرێت بە بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە."

بەهۆی پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و توشبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک، بەرپرسانی تەندروستی و توێژەرانی ئەمریکی لە هەوڵی خێراکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنادان و لە رابردووشدا ئیدارەی ترەمپ چەند جارێک خواستی خۆیان بۆ زووتر بەدەستهێنانی ئەو ڤاکسینە لە کۆتایی ئەمساڵدا خستبووەڕوو.