سەردێڕ:

تەقینەوەیەکی دیکە لە ئێران روویدا

فۆتۆ: 
2020-07-14

6647 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە لە ناوچەی کاویانی پیشەسازی لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران رایگەیاند، تەقینەوە لە یەکێک لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی شلەی گازی لەقوتونراو لە شارەکە روویدا و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

جەواد جەهاندۆست بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی ناوچەی کاویانی پیشەسازی رایگەیاند، تەقینەوەیەک بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە یەکێک لە خەزێنەکانی کارگەی پێترۆنەفت، کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی شلەی گازی لە قوتونراو و توانای سوتانی هەیە، لە ناوچەی کاویانی پیشەسازی کە ٧٥ کیلۆمەتر لە شاری مەشهەدەوە دوورە.

ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەکە، چەندین زیان بەر کارگەی پێترۆنەفت و کارگەیەکی دیکەی تەنیشتی کەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

لە ماوەی رابردوودا زنجیرەیەک تەقینەوە لە تارانی پایتەختی ئێران ڕوویانداوە و بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکیش، تەقینەوەکانی ئەم دواییەی بنکە سەربازی و ئەتۆمیەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیل و بە ئاگاداری ئەمریکا ئەنجامدراون.

رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکیەوە بڵاویکردووەتەوە، تەقینەوەکەی ماوەی رابردووی رۆژهەڵاتی تاران کە بنکەیەکی سەربازی کردبووە ئامانج و تەقینەوەکەی وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز لە ئەسفەهان لەلایەن ئیسرائیلەوە کراون و ئەمریکاش ئاگاداربووە.

راشیگەیاندووە، بە پێی خەمڵاندنی بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا و ئیسرائیل بەهۆی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی تەقینەوەکە بەر وێستگەی نەتەنز کەوتووە، لانیکەم بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بۆ دوو ساڵ دوادەکەوێت.

هەرچی بەرپرسانی تارانن بە فەرمی تا ئێستا هیچ لایەنێکیان بە هێرشکردنەسەر دامەزراوەکانیان تۆمەتبار نەکردووە، بەڵام بەشێک لە میدیاکانی ئەو وڵاتە بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەیان بە رۆڵی ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوایی دابوو لەو هێرشانە.